ڕاپۆرتێک لەبارەی بەهای نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بە تێکڕا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە 49 دۆلار و لە عێراق 13.38 دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە 56% داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە و لە عێراقیش 14% تێچووی پرۆسەکە بووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلێکدا لەبری 38.6 دۆلار، 82.16 دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی ئێستا تەنها 5 ملیار و 625 ملیۆن دۆلار پوختەی داهاتی نەوتەکەی بێت، ئەوا پوختەی داهاتەکەی زیاتر لە 11 ملیار دۆلار دەبوو.

بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی 2022

بەپێی شیکارییەکان حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2022دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە 95.54 دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە 115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار دۆلار.

بەپێی لێدوانی دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی 70%ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی 20% هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە 16.1 ملیار دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات".

پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق 86% بووەو بڕی %14ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا 82.16 دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و 13.38 دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە.

بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی لێکدانەوەکان حکوومەتی هەرێم لە ساڵی 2022دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە 87.58 دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە 12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956 دۆلار، بەڵام بڕی 5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741 دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکوومەتی هەرێم وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان.

بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم 44% بووەو بڕی %56ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها 38.65 دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و 49.2 دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە.

جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان

بەپێی زانیاریەکان دیلۆیت و بەدواداچوونەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا 145 ملیۆن و 511 هەزار بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە 100.78 دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکوومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا بە نزیکەی 13 دۆلار کەمتر فرۆشتووە بۆیە ئەو نرخانەی لە خشتەی ژمارە 2 دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا 12.94 دۆلار کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت و حکوومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە 87.85دۆلار فرۆشتووە.

بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە 12 ملیارو 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956 دۆلاری ئەمریکی.

بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی 2022دا لە ڕێگەی حکوومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی 2022دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە 95.54 دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە 13 ملیارو 920 ملیۆن و 120 هەزار و 423 دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی 1 ملیارو 135 ملیۆن و 766 هەزار و 467 دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی 2022دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی 2022 و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە.

جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان

بەپێی وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتی هەرێم و وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت 56%ی داهاتی نه‌وتی هەرێم ده‌درێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی به‌رهه‌مهێنانی نەوت.

بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکوومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی 145 ملیۆن و 511 هەزار و 745 بەرمیل نەوت لە ساڵی 2022دا دەکاتە 5 ملیار و 625 ملیۆن 115 هەزار و 741 دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها 38.65 دۆلار ماوەتەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق سۆمۆ هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی 2022 دا حکوومەتی هەرێم بڕی 37.77 دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە 5 ملیار و 510 ملیۆن و 980 هەزار و 598 دۆلاری ئەمریکی.

بەمایەکی دیکە حکوومەتی هەرێم لە بری 5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741 دۆلار، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە 11 ملیار و 136 ملیۆن 96 هەزار و 339 دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە خشتەی ژمارە 3.

تێكڕای ئەو داهاتەی كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەت 44% بەبێ خەرجی كۆمپانیاكان

پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی دورەید عەبدوڵا، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق 20%ە بۆ لە %70 بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە 30%ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە 14% لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا.

بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە 20% داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک 14%.

News Code 7640

Your Comment

You are replying to: .
captcha