سنووری خه‌سره‌وی کرایه‌وه‌

به‌شی ئێران/ کوردی- وه‌زیری ناوخۆی ئێران ڕێککه‌وتننامه‌یێکی له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌که‌ی واژۆ کرد و له‌باره‌ی ناوه‌رۆکه‌که‌ی گوتی: له‌ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌که‌م بڕیارمان دا که‌ سنووری خه‌سره‌وی بکرێته‌وه‌ و ڤیزا لاببرێت و ئاستی خزمه‌تگوزاری و ئاسانکاری بۆ زیاره‌تکاران به‌رز بکرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ 26ی گه‌لاوێژ به‌رانبه‌ر به‌ 17ی ئابی 2019 عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زلی وه‌زیری ناوخۆی ئێران له‌گه‌ڵ یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆی عێراق کۆ بوویه‌وه‌ و گوتی: هاوکارییه‌کانی نێوان وه‌زاره‌تی ناوخۆی نێوان ئێران و عێراق له‌ بواری ئاسایش و ئاڵوگۆڕی سنووره‌وه‌ به‌تایبه‌ت بابه‌تی چله‌ی ماته‌مین به‌رز بۆته‌وه‌ و ڕوو له‌ باشتربووندایه‌.

لای خۆیه‌وه‌ یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆی عێراق ڕای‌گه‌یاند: ڕێوشوێنێکی نوێمان له‌گه‌ڵ ئێران گرتۆته‌ به‌ر و ڕێککه‌وتنه‌ تازه‌ واژۆکراوه‌که‌ی نێوان هه‌ر دوو لا کاره‌کان زۆر ئاسانتر ده‌کاته‌وه‌ و هیوادارین کاروباری زیاره‌تکاران به‌ ئاسانی ئه‌نجام بدرێت.

ناوبراو زیادی کرد: به‌پێی ڕێککه‌وتننامه‌ تازه‌که‌ی هاوکاریی نێوان ئێران و عێراق سنووری خه‌سره‌وی ده‌کرێته‌وه‌ و ڤیزا لاده‌برێت. ئه‌م یادداشتی لێکتێگه‌یشتنه‌ش سه‌ردانی زیاره‌تکارانی ئێران بۆ وڵاتی عێراق ئاسانتر ده‌کاته‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌ی سنووری خه‌سره‌وی زۆربه‌ی زیاره‌تکاران ئه‌و سنووره‌ له‌ جیاتی سنووره‌کانی مێهران، چه‌زابه‌ و شه‌له‌مچه‌ هه‌ڵبژێرن چوونکه‌ کرماشان نزیکترین شوێن به‌ که‌ربه‌لایه‌ و ژێرخانه‌کانی له‌وان فڕۆکه‌خانه‌، شه‌مه‌نده‌فه‌ڕ و شاڕێیانی که‌ربه‌لا ته‌واو کراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75780

Your Comment

You are replying to: .
captcha