قائیمقامی فەلووجە داوای لێبووردن لە خەڵکی هەرێمی كوردستان دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەهۆی ئەوەی ژمارەیێک عەرەبی شارەكە لە كوردێكیان داوە و سووكایەتیان پێكردوە، عیسا سایر قائیمقامی فەلووجە داوای لێبووردن لە هەرێمی كوردستان دەكات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیسا سایر لە نامەیێكی لێبوردندا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی: "ئەوەی رووی دا چەند كەسێكی سەرخۆش بوون و دەستدرێژییان كردوەتەسەر خاوەنی خواردنگەیێک، كە خەڵكی هەرێمی كوردستانە و رووداوەكەش درەنگانێكی شەو رووی داوە".

قائیمقامی فەلووجە ئاماژەی بەوەش داوە، رووداوەكە دوو رۆژ پێش ئێستا بووە و دەستدرێژیكارانیش نوێنەرایەتیی خەڵكی فەلووجە ناكەن، بەتایبەت كە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەولێر باوەشی بۆ كردنەوە، ئەو كەسەش كە هاتە فەلووجە و خواردنگەی كردەوە پێشوازی لێكرا و حكوومەتی خۆجێی رێوشوێنەكانی بۆ ئاسان كرد و رێگەی پێدا.

قائیمقامی فەلووجە تەئكیدیشی كردوەتەوە، ئەوەی روویداوە لە دەرەوەی رەوشت و هەڵسوكەوتی خەڵكی شارەكەیە، هەروەک دەڵێت: "بەناوی حكوومەتی خۆجێی و خەڵكی فەلووجەوە داوای لێبووردن لە كەسوكارمان لە هەرێمی كوردستان دەكەین و شەو و رۆژ لەگەڵ خاوەنی چێشتخانەكەدا دەبم و لێپرسینەوەش لەگەڵ سەرجەم ئەو كەسانەدا دەكرێت كە دەستدرێژییان كردەسەری و دەستگیركراون و راپێچی دادگا دەكرێن، دووبارە داوای لێبووردن لە گەلەكەمان لە هەولێر و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان دەكەین، كە هاوكارییان كردین لە مەینەتی و ئاوارەییدا".

پێش چەند رۆژێک چەند كەسێک لە دانیشتووانی خەڵكی فەلووجە بەلێدان و سووكایەتی پێكردن دەستدرێژییان كردەسەر كوردێک، كە لەشارەكەدا خواردنگەی داناوە و داوایان لێكردبوو خواردنگەكەی دابخات، دواتریش لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی فەلووجەوە دەستدرێژیكاران دەستگیركران و خواردنگەكەشیان بۆ گەنجە كوردەكە كردەوە.

سەرچاوە: بەغداد ئەلیەوم

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75773

Your Comment

You are replying to: .
captcha