بەرپرسێکی تورکمان لەبارەی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق هۆشداریی دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسێکی تورکمان هۆشداریی دەدات لەوەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق لە ئاڕاستەیێکی خراپ ببرێت و کاریگەریی خراپ بەجێ بهێڵێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیاز میعمارئۆغڵو، بڕیاردەری خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: بەرژەوەندییە سیاسی و تایفییەکان بەو ئاڕاستەیە دەچن کە ئامادەکارییە هونەری و تەکنیکییەکان و دیاری کردنی فۆڕمی سەرژمێریی گشتی عێراق بۆ بەژرەوەندی تایەفی و مەزهەبی بەکار بهێنرێت و مەترسی لەسەر سەقامگیریی عێراق دروست بکات لە داهاتوودا.

میعمارئۆغڵو ئاماژەی بەوە کردووە؛ جێگیر کردنی خانەی تایبەت بە نەتەوە و مەزهەب و ئاین، پڕۆسەکە لە بابەتی بوون و زانستی بوون و پلاندانانەوە بەجۆرێک بگۆڕدرێت کە لە رووی نێودەوڵەتییەوە پشتی پێنەبەسترێت.

ناوبراو، مەترسیی خۆی نیشان داوە لە سەرژمێریی ئەلیکترۆنی بەتایبەتی بۆ سنووری پارێزگای کەرکووک بەوشێوەیەی بڕیاری لەسەر دراوە، ئەستەکە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدابنرێت و پشتی پێببەسترێت و کێشەی دوورمەودا لە داهاتوودا بخوڵقێنێت.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر نووری سەباح دلێمی، وەزیری پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ رێگرییێک لەبەردەم کارەکانیاندا نەماوە و مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 سەرژمێریی گشتی بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ماوەیەکی کەمیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەکە و بۆ ئەوەش ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسە گرنگە.

نووری سەباح وتیشی :"دەرەنجامەکانی ئەو سەرژمێرییە کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ژێرخانی ئابوری، وڵات تۆمارێکی وردی لەبەردەستدا دەبێت بۆ پێشخستن و بەرەوپێش بردنی وڵات".

وەزیری پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد؛ جیاواز لە سەرژمێرییەکانی رابردوو، سەرژمێریی ئەمجارە بە ئامێری ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت و ئێستاش نۆ تیم سەرقاڵی راهێنان و کارکردنن.

عێراق بۆ دەستكەوتنی ئاماری دانیشتوان پشت بە وەزارەتی بازرگانی دەبەستێت، بە پێی ئەو ئامارەش ئێستا ژمارەی دانیشتوانی عێراق 38 ملیۆن كەسە.

یەكێک لە داواكاریەكانی پێکهاتەی تورکمان ئەوەیە کە نابێت ناوی نەتەوە لە سەرژمێریەكەدا بنووسرێت، بەڵام عەرەب پێشوازی لە سەرژمێری دەكەن و پێیان وایە بەبێ زانینی ژمارەی دانیشتوان و وردەكاریەكان، ناتوانرێت هیچ پلانێكی سەركەوتوو دابڕێژرێت.

لە بودجەی ئەمساڵی عێراقدا بڕی 44 ملیار دینار بۆ سەرژمێریی گشتی تەرخان كراوە، وەزارەتی پلاندانان چاوەڕێی ئەوەیە ساڵی داهاتووش پارەی دیکەیان بۆ تەرخان بكرێت.

دوایین سەرژمێری كە لە عێراق ئەنجام درا 22 ساڵ پێش ئێستا بوو، ئەو كات عێراق بەبێ هەرێمی كوردستان تەنها 19 ملیۆن كەس بووە، لە ساڵی 2007 و 2010 جارێكی دیکە وەزارەتی پلاندانان هەوڵی دا سەرژمێریی گشتی دانیشتوان ئەنجام بدات، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75771

Your Comment

You are replying to: .
captcha