هه‌ڕه‌شه‌ی داعش و چۆڵ‌کردنی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌رکووک به‌رده‌وامه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌یێکی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان گوتی: له‌ دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا نزیكه‌ی 50 خێزان که‌ زۆرینه‌یان كاكه‌یین له‌ ترسی هێرشی چه‌کدارانی داعش ماڵه‌كانیان له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری که‌رکووک چۆڵ كردووه‌.

کوردپرێس:

وه‌ستا ڕه‌سوول فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: داعش سوود له‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ وه‌رده‌گرێت که‌ له ‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دروست بوون و ژماره‌یێک چه‌کداری داعش به‌ ئاشکرا له‌ گونده‌کانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌مێننه‌وه‌ و سوپای عێراق ژماره‌یێکی زۆر گوندی په‌راوێز خستووه‌.

ناوبراو زیادی کرد: له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا و له‌ چه‌ند هێرشێکی داعش له‌و گوندانه‌ 13 كه‌س کوژراون و ژماره‌یێکی دیکه‌ش بریندار بوون و دوایین هێرش دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو له ‌نزیک گوندی عه‌لی سه‌را ئه‌نجام درا و به‌هۆیه‌وه‌ دوو پۆلیس گیانیان له‌ده‌ست دا.

ئه‌و فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه ‌کرد که‌ ته‌نیا چاره‌سه‌ر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئه‌و ناوچانه‌ی داعش جموجووڵیان تێدا ده‌کات بریتیه‌ له‌ پێکهێنانی هێزی هاوبه‌ش چوونکه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق ناتوانن به ‌ته‌نیا ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزن.

پێشتر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق له‌ گفتوگۆدا بوون بۆ پێکهێنانی هێزێکی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی جموجووڵی داعشیان تێدایه‌ به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا ئه‌و هێزه‌ پێکنه‌هێنراوه‌.

پێشتریش عه‌مید یه‌حیا ڕه‌سوول گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ییی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌کانی عێراق به‌ تۆڕی میدیاییی ڕووداوی وتبوو: "له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ له‌ هاوئاهه‌نگیداین بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌ی له ‌نێوانماندان و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ کۆنترۆڵ ده‌که‌ین که‌ شانه‌ی نووستووی داعشیان تێدایه‌".

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ هیوا ڕه‌شید به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ داقووق بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای‌گه‌یاند: له‌ سنووری شارۆچكه‌ی داقووق شه‌وانه‌ به‌ ناوی داعشه‌وه‌ هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ر گونده‌ كوردنشینه‌كان به‌ تایبه‌ت گونده‌كانی تاڵه‌بانی و داوده‌ و كاكه‌یی و دارا و هه‌فته‌غار و مه‌نسوور و ته‌قه‌ له‌ گونده‌كان ده‌كرێت و هێرشی سه‌ر ماڵان ده‌كرێت و ته‌نها له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا چوار كه‌س ڕفێندراون و چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

ڕه‌شید گوتیشی: فشارێكی زۆر له‌سه‌ر گونده‌ كوردییه‌كان هه‌یه چوونکه‌ داعش شه‌وانه‌ ته‌قه‌ له‌ گونده‌كان ده‌کات بۆیه‌ خه‌ڵک كۆچ ده‌كه‌ن و ته‌نها له‌ دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا 30 خێزان ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75757

Your Comment

You are replying to: .
captcha