توركیا ناوچه‌کانی بناری قه‌ندیلی بۆردوومان کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی هه‌رێمی کوردستان گوتی: فڕۆکه‌یێکی جه‌نگیی تورکیا چه‌ند ناوچه‌یێکی بناری قه‌ندیلی بۆردوومان کرد که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ئاگر له‌ پوش و پاوانی ناوچه‌که‌ که‌وتووه‌ته‌وه‌.

کوردپرێس:

نه‌هرۆ عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچكه‌ی سه‌نگه‌سه‌ری سه‌ر به‌ قه‌زای پشده‌ر به‌ (تۆڕی میدیاییی ڕووداو)ی ڕاگه‌یاند: كاژێر 09:35 خوله‌کی ڕۆژی هه‌ینی 16ی ئاب فڕۆکه‌یێکی جه‌نگیی تورکیا دوای سووڕانه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی نیو کاژێر به‌ سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌که‌دا بۆردوومانی گونده‌کانی قڕناقه ‌و پشتاشان و چیای بێرمته‌ی كرد.

به‌ڕێوه‌به‌ری شارۆچكه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر ئه‌وه‌شی گوت: فڕۆکه‌که‌ له‌ كاژێر 10:20 خوله‌ک به‌ چڕی كه‌وته‌ بۆردوومانی گونده‌کانی سارده‌، بێرمكه‌، سه‌رگه‌لی، قه‌ڵاتووكان و گه‌لی به‌دران.

به ‌گوته‌ی نه‌هرۆ عه‌بدوڵڵا، بۆردوومانه‌کان زیانی گیانی نه‌بووه‌ به‌ڵام ئاگر له‌ پوش و پاوان، ڕه‌ز و باخی قڕناقه‌ و پشتاشان كه‌وتووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها چیای گه‌لی به‌دران ئاگری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و زیان به‌ ناوچه‌که‌ گه‌یشتووه‌ و فڕۆكه‌كه‌ به‌ نزمی به‌ ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75745

Your Comment

You are replying to: .
captcha