کوردپرێس:
جەمال ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە”بودجەی ساڵی داهاتوو بەبێ ڕێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر تێناپەڕێنرێت، دەبێت لەم جارەشدا ڕێكەوتنەكە ڕاستەقینە بێت و هەریەك لە ناوەند و هەرێم پێوەی پابەندبن”.
بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی”ڕێنەكەوتنی بەغدا و هەولێر لەسەر بودجەی ساڵی داهاتوو، وا لە پەرلەمان دەكات متمانەی بە هەردوو حكوومەتی ناوەند و هەرێم نەمێنێت، بۆیە پێویستە هەموو لایێک پابەندی یاسا بن لە پاشماوەی ئەمساڵ بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجەی 2020″.
جەمال ئەحمەد دەڵێت”بودجەی ساڵی داهاتوو لە دوای توێژینەوەیێكی زانستی لەلایەن وەزارەتی نەوت و ڕاوێژكارانی پسپۆڕ لەو بوارەدا دادەنرێت، بە تایبەت كە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنێوان 55-65 دۆلاردایە”.
پێشتر لیژنەی دارایی ڕایگەیاندبوو”كورتهێنان لە بودجەی ساڵی 2020 دەگاتە 72 ترلیۆن دینار، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەیێكی زانستییە بۆ ئەژماركردنی نرخی بەرمیلێك نەوت لە بودجەی ساڵی داهاتوو”.
Your Comment