بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 22ی گەلاوێژ بەرانبەر بە 13ی ئابی 2019 بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ڕێژەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران گەشتۆتە 370 کیلۆ و ڕێژەکەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە.
کەمالوەندی گوتیشی لەو کاتەوە بڕیاری کەم کردنەوەی پێبەندبوونیان بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی داوە ڕێژەی 60 بۆ 70 کیلۆ ئورانیۆمی پیتێندراوی ئێران زیادی کردووە و ئەو ڕێژەیەش تا دەڕوات زیاتر دەبێت.
شایانی باسە ئێران یەک ساڵ پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ناسراو بە بەرجام دانی بە خۆدا گرت و پاش یەک ساڵ وەک دەرفەت لە دوو قۆناغی دوو مانگەدا دەرفەتی بە وڵاتانی دیکەی واژۆکاری بەرجام دا کە دژ بە کشانەوەی نایاساییی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە هەڵوێست وەربگرن و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی ئێران هەنگاوێکی کرداری هەڵبگرن بەڵام ئەوەی دیارە ئەورووپا تا ئەم کاتەش جگە لە هەڵوێستی زارەکی هیچ هەنگاوێکی کرداریی هەڵنەگرتووە و ئەگەر تا دەرفەتی دیاریکراو جووڵەیێک ڕوو نەدا ئەوا ئێران قۆناغی سێهەمی کەم کردنەوەی پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
Your Comment