بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئوەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاندووە ئەمیری ئاشەکانی داعشمان لە حەویجە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک "دەستگیرکرد" و سێ شانەی "تیرۆریستیشمان" هەڵوەشاندەوە.
دانپێدانانی ئەندامانی گرووپەکە لە ڤیدیۆیەکدا لە پەیجی فەیسبووکی وەزارەتی بەرگریی عێراق بڵاو کراوەتەوە، تێیدا ئەو کەسەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ئەمیری ئاشەکانی داعش لە حەویجە دەیناسێنێت، دەڵێ "ئەندامانی گرووپەکەمان لەنێو شاری کەرکووک سێ کەسیان لە نەتەوەی کورد دەستگیرکردن و هێنایاننە قەزای حەویجە، ئەمیر فەرمانی پێکردم سەریان ببڕم و من دوو کەسی دیکە لە گرووپەکەمان کە خەڵکی دیالە بوون، فەرمانەکەمان جێبەجێ کرد".
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چەکدارانە دەڵێت: "مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایش لە کەرکووک سێ شانەی تیرۆرستییان هەڵوەشاندەوە. شانەکان دانیان بە ئەنجام دانی دڕندەترین تاوانی دژی مرۆڤ و کوشتنی خەڵکی بێتاواندا نا و لێکۆڵینەوەی بەردەوام لەگەڵ ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکان زانیاری ئاشکرا کرد سەبارەت بە شوێنی گواستنەوەی خۆراک و بۆمبی چێندراو".
ئەندامانی شانەکە لە دانپێدانانەکانیاندا دەڵێن کە پارەیان بۆ خێزانەکانی کوژراوانی داعش لە پارێزگای کەرکووک بردووە و بەنیازبوون چالاکی لە کەرکووک ئەنجام بدەن.
وەزارەتی بەرگریی عێراقیش روونی کردووەتەوە "هێزێکی ئەمنیی هاوبەش هەڵیکوتایە سەر شوێنەکە و دەستی بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی شانەکاندا گرت".
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ هۆشداریی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، پێنتاگۆن و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق لە بەهێزبوون و چالاک بوونەوەی شانەکانی داعش لە ناوەڕاست و باکوور و رۆژئاوای عێراق.
سەرچاوە: تۆڕی میدیاییی ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment