بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەوی ڕابردوو دەنگی تەقینەوەیێکی بەهێز لە بەغدا بیسترا، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت تەقینەوەکە لە کۆگایێکی تەقەمەنی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی روویداوە.
لیوا سەعد معەن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "تەقینەوەیێک لە کۆگایێکی تەقەمەنی پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی لە ناو سەربازگەی سەقر لە باشووری بەغدا روویدا".
لیوا سەعد معەن گوتیشی "تەقینەوەکە بووە هۆی برینداربوونی 13 کەس کە دووانیان پۆلیسن و چواریان کارمەندی حەشدی شەعبین. تەقینەوەکە بەهێز بووە و تارادەیێک ئاگرەکە لەنێو کۆگای تەقەمەنییەکە کۆنترۆڵ کراوە".
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق روونیشی کردەوە "ئۆتۆمبێلەکانی بەرگریی شارستانی لە نزیکی سەربازگەکە جێگیرکراون بۆ هەر ئەگەرێکی لەناکاودا و تیمە پسپۆرەکان دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی رووداوەکە".
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، 13 کەس بەهۆی کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە باشووری بەغدا برینداربوون.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوەکردووە "حەوت بریندار گەیەندرانە نەخۆشخانەی یەرمووک و شەش برینداری دیکەش گەیەندرانە نەخۆشخانەی مەحموودییە، هەموو بریندارەکان برینەکانیان سووک بوون و ژمارەیێکیان لە نەخۆشخانە دەرچوون".
پێشتر بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانی عێراق راگەیاند "هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرێک دەدەین کە بەهۆی تەقینەوەی کۆگایێکی چەک و تەقەمەنی لە ناو سەربازگەی سەقر لە ناوچەی عوێریج لە باشووری بەغدا روویداوە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment