کوردپرێس:
ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێس، گرتەیێكی ڤیدیۆییی رێكخراوی داعشی بڵاو كردووەتەوە، لەو گرتە ڤیدیۆیەدا چەند چەكدارێكی داعش قسە دەكەن و باس لەوە دەكەن، لە سووریا ھێرشی بەرفراوان دژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھێزە كوردییەكان، كە مەبەستیان ھەسەدەیە دەست پێدەكەن.
داعش لە پەیامە ڤیدیۆیییەکەدا هەڕەشەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات کردووە و گوتوویەتی، جارێکی دیکە شەڕ لە نێوان چەکدارانی رێکخراوەکە لە لایێک و شەڕڤانان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەلایێکی دیکە دەستی پێکردووەتەوە و لە داهاتوویشدا ئەو شەڕە چڕتر دەبێتەوە.
ھەروەھا ژمارەیێک گەنج پیشان دەدرێن، كە كوردن و لەلایەن داعش لەسێدارە دراون.
ئەمە دووهەمین ڤیدیۆیە کە رێکخراوی داعش لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی باغۆز لەلایەن هێزەکانی هەسەدە لە ئاداری رابردوودا بڵاوی دەکاتەوە.
لە کۆتاییی نیساندا داعش ڤیدیۆیێکی بڵاو کردەوە و تیایدا کەسێک دەرکەوت کە خۆی وەک ئەبووبەکر بەغدادی ناساند و هەڕەشەی شەڕی توندی کرد.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش رۆژی 6ی ئهم مانگه لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە، داعش لە سووریا خۆی رێکدەخاتەوە و لە عێراقیش تواناکانی زیاتر دەکات.
بڵاو بوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە لە كاتێكدایە كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق كۆتاییی داعش راگەیهندرا و له سووریاش ھەسەدە توانیویهتی زۆربهی ئهو ناوچانهی به دهست داعشهوه بوون ئازادیان بكات.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment