کوردپرێس: ئێران وه‌ک دەسەڵاتێکی هه‌رێمایه‌تی و ئه‌کته‌رێکی گرنگ له هاوکێشه و گۆڕانکارییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان په‌یوه‌ندیی دێرینی له‌گه‌ڵ کوردی ناوچه‌که و به‌تایبه‌ت لەگەڵ هه‌رێمی کوردستان هه‌یه. ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له قۆناغه هه‌ستیاره‌کاندا ڕێگایێکی دووری بڕیوه و هه‌وراز و نشێوی زۆری تێپەڕاندووە به‌ڵام دوو شت بەردهوام ماوه‌ته‌وه و گۆڕانی به سه‌ردا نه‌هاتووه: یەکەم مەسەلەی به فه‌رمی ناسینی کیانی فیدڕاڵیی هه‌رێمی کوردستان له چوارچێوه‌ی عێراق و دووهەم پاڵپشتییه به‌رده‌وامه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کورد له قۆناغه هه‌ستیار و مێژووییه‌کاندا کە ئەمەش بۆچوونی به‌رپرسان و که‌سایه‌تییه سیاسی و ئایینییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی لەگەڵە.
ئەگەر بمانەوێت خوێندنەوەیێک بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هه‌رێمی کوردستان بکەین پێویستە زۆر فاکتەر و ڕەهەندی جیاواز له‌به‌رچاو بگرین؛ هەر یەک لە بواره فه‌رهه‌نگی و سیاسی و ئابووری و به‌تایبه‌ت ئه‌منییه‌کان بەش بە حاڵی خۆیان له قۆناغه جۆراوجۆره‌کاندا کارتێکه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بووه و ده‌شبێت.
ئاژانسی کوردپرێس له‌باره‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م په‌یوه‌ندییه له بواری سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی، هەروەهاش به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی نێوان ئێران و هه‌رێمی کوردستان و کارتێکه‌ریی وڵاتانی‌تر له‌سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییانه و نیگه‌رانییه ئه‌منییه‌کان به بۆنه‌ی ئاماده‌بوونی وڵاتانی ڕۆژئاوایی له هه‌رێمی کوردستان دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ به‌هرۆز جه‌عفه‌ر سه‌رۆكى ئینستیوتى مێدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى هەرێمیانە کردووە. بەهرۆز جەعفەر خوێندكارى دكتۆرایە له په‌یوه‌ندییه ئابوورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له زانكۆى قوبرسى نێوده‌وڵه‌تى. ناوبراو ماوه‌ى دوانزه ساڵه كارى ڕۆژنامه‌وانى و لێكۆڵینه‌وه ئه‌كات له‌سه‌ر پرسه جیاجیاكان.
ده‌قی دیمانه‌که:
کوردپرێس: ئێران وه‌کوو هێزیکی ناوچه‌یی و خاوه‌نی هه‌ژمۆنی و پێگه‌ی تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین، هاوبه‌شی هه‌مه لایه‌نه و پێوه‌ندی دێرینی له گه‌ڵ کورد هه‌یه، لێکدانه‌وه‌ی به‌ڕێزتان له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته و ڕه‌هه‌نده‌کانی چییه؟ یاخود ئه‌بێت په‌یوه‌ندییه‌کانى کورد و فارس چۆن بێت؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: کورد و فارس کۆنترین په‌یوه‌ندییان هه‌یه، هیچ پهیوهندییێکى ناوچه‌که نییه هێنده‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى فارس و کورد دێرین بێت که مێژووه‌که‌ى ئه‌گه‌رێته‌وه بۆ پێش هاتنى ئیسلام و ته‌نانه‌ت پێش هاتنى ساسانیه‌کان و دروست کردنى ئیمپراتۆریه‌ت له خاکى ئێران‌دا، ئه‌رده‌شێرى بابهگ دامه‌زرێنه‌رى ئیمپراتۆریه‌تى ساسانیه‌کان دایکى کورده و باوکى فارس بووه، هه‌ندێک ئه‌لێن باوکى کورده و دایکى فارس بووه.
کورد و فارس ته‌نانه‌ت له داستانه‌کانى ڕۆسته‌مى زاڵیشدا ئه‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ک و په‌یوه‌ندیی دروستیان هه‌بووه. که‌واته بنه‌مایێک هه‌یه، زهمینهیێکى هاوبه‌شى باشى مێژوویی هه‌یه. له مێژووى هاوچه‌رخیشدا دوژمنى هه‌ره گه‌وره‌ى کورد ئێران نه‌بووه، حکوومه‌تى ئێران هه‌رگیز کیمیاباران و ئه‌نفالى کوردیان نه‌کردووه، بگره له ساڵى 1991 داڵده‌ى سه‌ده‌ها هه‌زار ئاواره‌ى کوردیان دا و خزمه‌تى کوردى عێراقیان کرد، کاتێک په‌رله‌مان و حکوومه‌تى کوردى له عێراق دروست بوو ساڵى 1992 ئێران دژایه‌تى ئه‌و هه‌رێمه کوردییه‌ى نه‌کرد، ئه‌وه کورد خۆیان بوون شه‌ڕى ناوخۆییان هه‌ڵگیرساند.
که سه‌ددام حوسه‌ین ڕووخا ئێران له عێراقدا ڕۆڵى گه‌وره‌ى په‌یدا کرد، هیچ کاتێک ئێران دژى مافه‌کانى کورد و پشکى کورد نه‌بووه له به‌غدا، بگره زۆرترین دۆستایه‌تى له نێوان خوالێخۆشبوو مام جه‌لال سه‌رۆک کۆماره کورده‌که و ئێران‌دا هه‌بووه.
کوردپرێس: که‌واته تۆ پێتوایه په‌یوه‌ندیی کۆمارى ئیسلامى ئێران و حکوومه‌تى هه‌رێم چۆن بێت و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک بێت؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: من هه‌میشه پێموایه په‌یوه‌ندییه‌که ڕه‌هه‌ندێکى کهلتوورى و مێژوویی قووڵى هه‌یه، له هه‌ر شوێنێکدا ئێران و کورد ئه‌بێت پێکه‌وه بن، ملیۆنه‌ها ژن و ژنخوازى له نێوان فارس و کورددا هه‌یه، سه‌یر بکه من ناوم به‌هرۆزه ناوه‌که‌م واتا بێهروز تا ڕاده‌یێکى زۆر فارسیه، سه‌رۆکى په‌یمانگه‌ى مێدیتریانهم. پڕۆفیسۆریکم هه‌بوو له خوێندنى دکتۆرا ناوى "ئاره‌ش شهرگى" بوو له قوبرسى تورکى، بۆ یه‌که‌مجار بیرۆکه‌ى ئه‌م سه‌نته‌رى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌م له‌وه‌وه فێر بووم، ته‌نانه‌ت به ئینگلیزى به ده‌ریاى ناوه‌ڕاست ئه‌وترێ (مێدیترهینیهن) ئێمه کردمان به مێدیتریانه.
له ڕووى ئه‌منییه‌وه ئه‌م په‌یوه‌ندییه گرنگتره به‌تایبه‌تى بۆ ئێران، ئێران به‌شێکه له ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان و عێراق، به هه‌مان شێوه عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش له ڕووى ئاسایشه‌وه بۆ ئێران گرنگن. هه‌رگیزاو هه‌رگیز نابێ هیچ لایه‌نێکى عێراق یان کوردى بیر له‌وه بکه‌نه‌وه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ دوژمنى دراوسێکانیان ببه‌ستن بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ دراوسێکانیان. بۆ کورد ئاساییه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و تورکیا و سعوودیه و هه‌ر شوێن و ده‌وڵه‌ت و لایهنێکىتر هه‌بێت به‌ڵام ئه‌مه بگاته ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر حیسابى ئێران بێت وه‌ک وڵاتێکى دراوسێ و تووڕه‌یان بکات، شتێکى خراپ و نافه‌رمیه.
کوردپرێس: پێش ئه‌وه‌ى بێینه سه‌ر په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانى ئێران و هه‌رێمى کورستان، ئایا گرفتێک له نێوان شێوازى په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێران و لایه‌نه سیاسیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌بینن؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: به‌ڵێ، بێگومان گرفت هه‌یه، مادام پرۆسه و ڕێگایێکى وا دوور و درێژ هه‌یه، گرفتیش ئه‌بێت، من پێموایه ئێران باشتر ئه‌زانێ گرفته‌که چیه، به‌و پێیه‌ى عێراق و هه‌رێمى کوردستان دراوسێن، زۆربه‌ى سنووره ووشکانیهکانیشیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندایه، ئه‌م سنووره‌ى نێوانیان 1458 کیلۆمه‌تره، به‌شى زۆرى سنوورى ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌یه که یه‌کێتىی نیشتیمانیى کوردستان تیایدا ده‌سته‌ڵاتداره، هه‌رچه‌نده پارتى دیموکراتى کوردستانیش سنوورى ووشکانى له‌گه‌ڵ ئێران به‌ده‌سته.
گرفته‌که ئه‌وه‌یه له ناو یه‌کێتىی نیشتیمانى چه‌ندین باڵ و کوتله و دژیه‌کى هه‌یه، ئێران زۆرجار نه‌یزانیوه له‌گه‌ڵ کێ مامه‌ڵه بکات به‌تایبه‌تى دواى کۆچى دوایی تاڵه‌بانى یه‌کێتى خاوه‌نى بڕیارى یه‌کگرتوو نین، ئه‌مه‌ش له لاى لایه‌نه عێراقى و ئێرانى و تورکى و ده‌ره‌کییه‌کان متمانه‌یان که‌م ئه‌کاته‌وه، چوونکه هه‌ر کوتله و باڵێکى ناو ئه‌م حیزبه بۆ گه‌یشتن به ده‌سته‌ڵات هه‌موو دژایهتیێکى ئه‌ویتر ئه‌کات.
ئێستا ئه‌وه‌تا به ئه‌زموون ده‌رکه‌وت که زۆرینه‌ى کورد له هه‌رێمى کوردستان و ڕاى گشتى و یه‌کێتییه‌کان ڕه‌خنه‌یان له سه‌رۆک کۆماره کورده‌که‌ى عێراق هه‌یه و به هۆکارى ترازانى ناو ماڵى یه‌کێتى و عێراقییه‌کانى ئه‌زانن. ئه‌مه‌ش بۆ ئاسایشى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیی ناوچه‌که باش نابێت، له کاتێکدا خوالێخۆشبوو مام جه‌لال سه‌رۆک کۆمار بوو جێگه‌ى متمانه و کۆکه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لایێک بوو، که‌سێک بوو متمانه‌ى دروست کردبوو که ئه‌توانێت بڕیارى دروست بدات. گرفتى ئێستاى ناو یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان شاراوه نییه، هه‌ریه‌که‌و قسه‌یێک ئه‌کات و هه‌ریه‌که‌و لێدوانێک له ڕق و دژى ئهوهىتر ئه‌دات، ته‌نانه‌ت سه‌رۆک کۆمارى عێراق دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح که جێگیرى سکرتێرى گشتیی یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستانه بووه‌ته فاکته‌رى ته‌که‌تولات و باڵباڵینه له ناو ئه‌م حیزبه‌دا.
کوردپرێس: که‌وایه به‌رژه‌وه‌ندیی کورد و ئێران له عێراق تووشى کێشه بووه؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: من ناتوانم ناوى بنێم کێشه، چوونکه به‌پێى واقیع و به‌چاو ئه‌بینرێت ئیراده‌ى حکوومه‌تى ئێران زۆر له‌وه به‌هێزتره که له بندهستىدا که‌سێکى سیاسی له ناو حیزبێکى کوردى یان عێراقى یان سووریدا کێشه دروست بکات. بۆ سه‌لماندنى ئه‌مه‌ش ئێمه ده‌یان نموونه‌مان له دواى به‌هارى عه‌ره‌بیه‌وه بینیوه. کێشه‌که ئه‌وه‌یه ئه‌م سێ سهرۆکایهتییهى له عێراق دروست بووه سه‌رکه‌وتوو نه‌بن، چوونکه ئه‌وکاته ئه‌بێت سێ سه‌رۆکایه‌تییه عێراقییه‌که به حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تى کۆماره‌وه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و سه‌رۆکایه‌تى تازه دابنرێنه‌وه. ئه‌وه‌تا حکوومه‌ت له عێراق ناتوانێ کێشه‌ى 4 چوار ملیۆن هاووڵاتیى له پارێزگاى به‌سره چاره‌سه‌ر بکات که دوو ساڵه ته‌نها داواى ئاوى خواردنه‌وه ئه‌که‌ن، ئه‌وه‌تا له ته‌له‌فزیۆنه‌کان بینیمان خه‌ڵکى مووسڵ تووڕه‌ن و له کاتى سهردانىکردنى سه‌رۆک کۆمار‌دا سه‌رۆکیان به‌ردباران کرد. له که‌رکووکیش به هه‌مان شێوه، له شێوازى په‌یوه‌ندییه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا به هه‌مان شێوه ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه هه‌یه. لێره‌وه ئێران وه‌ک هێزێکى هه‌رێمى گه‌وره ئه‌و مافه به خۆى ئه‌دات ده‌ستوه‌ر بداته عێراق له‌پێناو ئاسایشى خۆى.
کوردپرێس: به‌گشتى تێگه‌یشتنی کورد له ناوچه‌که و به تایبه‌ت له عێراق به‌رانبه‌ر به ئێران چۆن ده‌بینن؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: کورد گه‌لێکى سه‌ربه‌خۆیه له ڕووى که‌لتوور و زمان و دابونه‌ریت و مێژووه‌وه. باسى ئێرانیشمان کرد، پێموایه ئێران تاوانێکى زۆر گه‌وره‌ى نه‌کردووه به‌مزوانه به‌رانبه‌ر کورد تاوه‌کوو تێگه‌یشتنى کورد خراپ بێت له‌سه‌رى.
ئێران جوگرافیایێکى قووڵى هه‌یه، به ته‌نها ده‌وڵه‌تێک نیه به‌ڵکوو کیشوه‌رێکه، ئێران ته‌نها ئه‌یه‌وێ له ئاسایش و سه‌قامگیریی خۆى دڵنیا بێت، کوردیش پێویسته کارێک یان چالاکیێک نه‌کات که بۆ ئاسایش و سه‌قامگیریی ئێران هه‌ڕه‌شه بێت. ئه‌مه کۆى مه‌سه‌له‌که‌یه.
کوردپرێس: ڕۆڵی هێزی بیانی و ناوچه‌یی بۆ دوورکردنه‌وه‌ی ئێران و کوردی عێراق له یه‌کتر چۆن ده‌بینن و پێتان وایه کامه وڵات و لایه‌ن له پته‌وبوونی پێوه‌ندیی دوو لایه‌نی ئێران و کورد نیگه‌رانن و هۆکاره‌که‌ی بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: من بۆم باس کردن، هه‌ندێ شت هه‌یه سه‌وابیته و نه‌گۆڕه، وه‌ک چۆن ئه‌وه‌ى یه‌ک زائید یه‌ک ئه‌کاته دوو. تازه به خۆش بێت یان به ناخۆش کورد و ئێران دراوسێن، مێژوویان، زمانیان، خۆراک و خواردنیان، سنوورى جوگرافى و ئاسایش و به‌رژه‌وه‌ندیى ئابوورییان و هه‌موو شتیان هاوبه‌شه و کارى ئاقڵانه ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا سوود له‌م خاڵه هاوبه‌شانه ببینن.
له هه‌مان کاتدا ئه‌مه ماناى وانییه ئێران هه‌ر شتێک بکات ئه‌بێت پرس به کورد و عێراق بکات و ماناى وانییه کورد په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێکى دیکه نه‌بێت. نه‌خێر. ئه‌ى که‌واته بۆچى زانستى په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان هه‌یه. کوردێک و عێراقیێک و ئهمازیخیهک و قیبتیه‌ک و سربیهک و فهنزهویلیهک ئاساییه پێکه‌وه بکه‌ن و په‌یوه‌ندیی هه‌مه‌جۆریان هه‌بێت. من له زانکۆیێک ئه‌خوێنم خوێندکار و مامۆستاى 92 ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ى جیاوازى تێدایه، کلاسه‌که‌مان فه‌له‌ستینى و جووله‌که و کورد و تورک و ئهفریکى تێدا بووه بۆیه که‌س ناتوانێ به‌ر به ڕه‌شه‌باى جیهانگیریی و ئامرازه‌کانى سه‌رمایه‌دارى بگرێت ئه‌گه‌رچى ساخته و موزهیهفیشن.
کودپرێس: با بێینه سه‌ر لایه‌نه ئابوورییه‌کان، هه‌نارده‌ى نه‌وتى عێراق و سزاکانى سه‌ر ئێران له کوێدا یه‌ک ئه‌گرن؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: وه‌زیرى نه‌وتى عێراق "تامر غه‌زبان" له سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌کاربوونى ڕایگه‌یاند: عێراق به‌رنامه‌ى هه‌یه بۆ ساڵى ئاینده هه‌نارده‌ى نه‌وتى خۆى بگهیهنێنه 6 شه‌ش ملیۆن به‌رمیل له ڕۆژێکدا، ئه‌مه‌ش عێراق ئه‌کاته دووه‌مى ئۆپیک. له چاوپێکه‌وتنێکمان له‌گه‌ڵ دکتۆر ئیبراهیم به‌حرلعلوم وه‌زیرى پێشووى نه‌وت و که‌سایه‌تیى دیاری عێراق باسى ئه‌وه‌مان کرد ئه‌م سیاسه‌ته‌ى عێراق بۆ وزه و دابین کردنى کاره‌با و هه‌نارده‌کردنى نه‌وت و چاره‌سه‌رکردنى کێشه ئاوییه‌کانى له‌گه‌ڵ تورکیا گرتوویه‌تیه به‌ر سه‌رکه‌وتوو نابێت، چوونکه به‌رپرسانى عێراق هه‌میشه بیر له چاره‌سه‌ره ته‌کنیکیه‌کان ئه‌که‌نه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌زانن له‌وێدا گه‌نده‌ڵى بکه‌ن.
به نیسبه‌ت سزا ئابورییه‌کانى سه‌ر ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه بێگومان کاریگه‌رى ئه‌خاته سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وتى عێراق. بیر بکه‌نه‌وه سبه‌ینێ گرفتێک له که‌نداو و به‌نده‌رى به‌سره دروست ببێت، ئایا عێراق له کوێوه نه‌وت هه‌نارده ئه‌کات؟
ئه‌م سزایانه‌ى ئه‌مریکا کاریگه‌رىی خراپى خستۆته سه‌ر ئابوورى و دارایی و ژیانى خه‌ڵک له ئێران، ئێران له ئه‌پرێڵى 2018 بڕى 2500000 دوو ملیۆن و نیو به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده ئه‌کرد له ڕۆژێکدا و ئێستا له‌نێوان 500 بۆ 650 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده ئه‌کات. ئومێد ئه‌که‌م ئاشتى و ئارامى له‌م ناوچه‌یه به‌رقه‌را بێت، چوونکه ئاشتى و سه‌قامگیریی بۆ هه‌موو که‌س و وڵاتێکه نه‌ک یه‌ک لایه‌ن.
کوردپرێس: ئالوگۆڕى بازرگانیی نێوان هه‌رێم و عێراق له‌گه‌ڵ ئێران له‌م نێوانه‌دا چۆنه؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: عێراق و ئێران ساڵى 2018 ته‌نها 15 ملیار ئالوگۆڕى بازرگانیان هه‌بووه، به‌ڵام به پێى ژوورى بازرگانى تاران له کۆنفڕانسێکدا له هه‌ولێر ئاماژه‌یان پێ‌کرد پلان هه‌یه ساڵى 2019 ئه‌م ئاڵوگۆره بازرگانییه بگاته 20 ملیار دۆلار. دیاره له زۆر لایه‌نى دیکه‌شه‌وه له ڕووى ئابوورییه‌وه عێراق و هه‌رێم به‌یه‌که‌وه به‌ستراون.
کوردپرێس: له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا له هه‌رێمی کوردستان له ژێر ناوی پاڵپشتی له جووله‌که هه‌وڵێک بۆ چه‌واشه‌کاری و به‌لارێدا بردنی ڕای گشتی ده‌ده‌رێت. ئه‌م هه‌وڵه و ئامانجه‌کانی چۆن ده‌بینن و هه‌ڵده‌سنگێنن؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: ئیمڕۆکه ئیسرائیل ده‌وڵه‌ته، ده‌وڵه‌تێکى ئیتنیشه، هه‌ندێک وڵات له نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان دانیان به ئیسرائیل‌دا ناوه، له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و سعوودیه‌شه‌وه پاڵپشتى یان هه‌یه و هاوپه‌یمانن.
جووله‌که‌ش گه‌لێکى کۆنن. مافى نیشته‌جێبوونیان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وى خوایه هه‌یه، به‌ڵام مافى داگیرکارى و تێکدانى ئاسایش و دروست کردنى هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ ناوچه‌که نییه. نازانم ئه‌م شێوازه له پاڵپشتى چۆنه، چوونکه پاڵپشتى و پهیوهندییێکى فه‌رمى و ڕاسته‌وخۆ نییه، که‌واته بابه‌ته‌که ئاساییه. هه‌وڵێک له عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان درا به‌ڵام عه‌ره‌به‌کان زه‌وتیان کرد. بۆیه ڕه‌نگه هه‌ندێ جار دۆزه‌که لێک بچێت و خه‌ڵکێک له شوێنى خۆیه‌وه شتێک ئه‌نووسێت، یان ئاڵایێکى هاوبه‌ش پێکه‌وه ئه‌نوسێنن.
به‌لاى منه‌وه ئاساییه په‌یوه‌ندییه‌که، به‌ڵام له‌وسه‌ره‌وه ئه‌بێت کورد و بڕیاربه‌ده‌ستان بیر بکه‌نه‌وه چ قازانجێک ئه‌که‌ن 60 بۆ 70 ملیۆن شیعه‌ى ئێران و ناوچه‌که و سه‌دان ملیۆن موسڵمان تووڕه و ئیستفزاز بکه‌ن؟ ئایا ئه‌مه کارێکى پێویسته؟ ئه‌مه سیاسه‌ت نییه. ئه‌گه‌ر بڕیاره په‌یوه‌ندییێک هه‌بێت با فه‌رمى و ئاشکرا و زانستى و هاوسه‌نگ بێت.
کوردپرێس: یه‌کێکی دیکه له‌و بابه‌تانه‌ی که نیگه‌رانی درواسێکانی عێراق و هه‌رێمی کوردستانی به‌دواوه بووه و به تایبه‌ت له‌م نێوه‌دا نیگه‌رانیی ئێران، کردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سه‌بازی و هه‌واڵگریی ئه‌مریکی و وڵاتانی ئه‌ورووپییه له هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مه ده‌توانێ چ کاریگه‌ریێکی سلبی له سه‌ر پێوه‌ندییه‌کان و به تایبه‌ت داهاتووی سه‌قامگیریی هه‌رێم و ناوچه بێت؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: ئه‌مریکا به ته‌نها له هه‌رێمى کوردستان بنکه‌ى سه‌ربازى و نوێنه‌رایه‌تى نییه، له جیهاندا 750 بنکه‌ى سه‌ربازى له 132 وڵات‌دا بڵاوه‌یان پێکراوه. له هه‌رێمى کوردستانیش پێگهیێکى گرنگ هه‌یه، مانه‌وه‌ى کیانى کوردى و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و گه‌شه‌کردنى کاروباره‌کانى بۆ هه‌موو لایێک باشه، بۆ عێراق، ئێران، ئه‌مریکا، تورکیا و هه‌موو لایێک گرنگه.
وه‌ک باسمان کرد هاوسه‌نگى له په‌یوه‌ندیدا، بنه‌ماى زانستى و واقیعى، دۆزینه‌وه‌ى هێز له په‌یوه‌ندیدا گرنگه. ئه‌مریکا هاتووه ڕژێمێکى دیکتاتۆرى له عێراق ڕووخاندووه له ساڵى 2003 ئه‌مه بۆ کورد باش بوو چوونکه دوژمنێکى کوردیان له‌ناودا، بۆ ئێران هه‌ر زۆر باشتر بوو چوونکه ده‌سته‌ڵاتى ئێران له عێراق سه‌دان جار زیادى کرد. ئێستا گرنگ ئه‌وه‌یه ئێران ئه‌وه نیشان بدات که فاکته‌رى تێکدان و ترس و هه‌ڕه‌شه نییه له عێراق و هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکوو فاکته‌رى ئارامى و دڵنیایی و پاڵپشتیه.
له ئان و ساتێکدا که ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانى ئه‌یانه‌وێ سزاى ئێران بده‌ن، هه‌ندێ کورد یان که‌سانى ڕۆژهه‌ڵاتى بێ بیرکردنه‌وه و له‌خۆیانه‌وه پێیان وایه ئه‌بێت ده‌سته‌ڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران بڕووخێت، له که‌ناڵى ئاسمانى په‌یام گوتم: ئایا کورد چ قازانجێک ئه‌کات ئه‌م دهستهڵاتهى کۆمارى ئیسلامى ئێران بڕوخێت؟. به‌دڵنیاییه‌وه هیچ چوونکه ئه‌گه‌ر ده‌سته‌ڵاتێکى دیکه‌ش بێت ئه‌ویش بیر له پاراستنى ئاسایشى نیشتیمانى ئێران ئه‌کاته‌وه بۆیه باشترین میکانیزم ئه‌وه‌یه مه‌وداکانى دڵنیایی و پێکه‌وه ژیان زیاتر بکرێت.
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: ئه‌گه‌ر شتێکت بۆ وتن مابێت؟
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر: سوپاس بۆ بوونتان. به ئومێدم ڕێچکه‌ى واقیع و زانست و پیشه‌ییتان نه‌گۆڕن. هیواى ئاشتى و سه‌قامگیریی و خۆشگوزه‌رانى بۆ ناوچه‌که به‌گشتى ئه‌خوازم.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
داڕشتنه‌وه: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment