بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم، وتەبێژی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) رایگەیاندووە: دوای هەشت ساڵ ئەوە سەلمێندرا كە توركیا ناتوانێت خەڵک و ئۆجەلان لەیەک دابڕێت و ناچاربوو رێگە بدات ئۆجەلان بیر و بۆچوونەكانی بخاتەڕوو.
سەبارەت بە دوایین سەردانی پارێزەران بۆ ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ئۆجەلان، ساڵح موسلیم وتوویەتی: "سەردانەكە ئیجابی و بایەخدارە ئەوەش ئەو شتەیە كە خەڵک دەیەوێت".
لەبارەی ناوەڕۆكی دوایین پەیامی ئۆجەلان-یشەوە، ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەداوە كە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا سەرنجی خستۆتە سەر مێژوی دەوڵەتی عوسمانی و بە پێویستی زانیوە دەوڵەتی توركیا تاوتوێی مێژووی خۆی بەشێوەیێكی باش بكات و ئەو دوژمنایەتییەی توركیا لەنێوان كورد و توركدا گرتویەتییە بەردەمی، هۆكاری شكستی دەوڵەتی توركیایە.
لەبارەی رۆڵی ئۆجەلان لە چارەسەركردنی كێشەكاندا، ساڵح موسلیم ووتوویەتی: دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ كارێكی گرنگە لەپێناو داننان بە بوونی كورد و ئەوەشی خستۆتەڕوو "لە ناوەڕۆكی پەیامەكەی ئۆجەلاندا ئەوە زۆر روونە كە چارەسەر لە ئیمرالی-یە" و جەختیشی كردۆتەوە كە ئۆجەلان بەهۆی كاریگەریی بۆچوونەكانی و متمانەی بەگەل دەتوانێت چارەسەری كێشەكان بكات بەو مەرجەی دان بە بوونی كورددا بنرێت و لەو روانگەیەشەوە ئۆجەلان لەپەیامەكەیدا ووتوویەتی كە دەتوانێت لەماوەی یەک هەفتەدا كۆتایی بە شەڕ بهێنێت.
ساڵح موسلیم وتووشیەتی: "هیوادارین دەوڵەتی توركیا بتوانێت وەڵامی ئۆجەلان بداتەوە و چارەسەری كێشەكە لەڕێگەی گفتوگۆو دانووستانەوە بكرێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment