بە گۆڕانکاری لە پشک و پۆست ئەسڵی کێشەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی چارەسەر ناکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- میدیای رەسمی یەكێتی لەبارەی كێشەكانی نێوان حزبەكەیان و پارتی، ڕایدەگەیەنێت: گۆڕانکاری لە پشک و لە پۆستەکان کارێکی نۆرماڵە و ئەسڵی کێشەکانی ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکرات نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی فەرمیی یەكێتی، لە سەروتارێكدا لەژێر ناونیشانی "یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە تا بیکاتەوە"، نووسیویەتی: "پرەنسیپی یەکێتی گفتوگۆ و لێکگەیشتنە بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک. بۆیە قەت کۆبوونەوە ڕەت ناکاتەوە، بەڵام ئەمەش ڕاست نییە کە پارتی گرفتی لابەلا دروست بکات و بیکاتە دەسکەلا بۆ خۆدزینەوە لە کێشە سەرەکییەکان. کۆبوونەوەی جددی لەسەر بابەتی سەرەکیی دەبێت نەک شتی بەدیهیاتی وەک گۆڕانکاری لەم پۆست و ئەو پۆست."

ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی وتووشیەتی: "گۆڕانکاری لە پشک و لە پۆستەکان کارێکی نۆرماڵەو ئەسڵی کێشەکان نییە، ئەسڵی کێشەکان سیاسەتی جیاکاری حکومەتە لە نێوان شارەکان و گەمارۆدانی سلێمانی، ئەمانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە کۆمەڵانی خەڵکەوە هەیە."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو: "هەڵبەتە گۆڕانکاری لە پۆست و پشکەکان کارێکی باشەو ئەمە ویستی یەکێتی و پارتیشە کە ئەوانیش گۆڕانکاری وا دەخوازن، بەڵام ئەمانە نابنە بەدیلی کێشە سەرەکییەکانمان لەگەڵ پارتی و حکومەت."

هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە: "لە باشترین حاڵدا گۆڕانکاری لە پۆستەکان نیەتی باش دەردەخەن و کەشی گفتوگۆی هەردولا باش دەکات، بەڵام نابێتە جێگرەوەی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و شەراکەتی راستەقینە کە یەکێتی و خەڵکيش داوای دەکەن، چونکە بێ ئەم راستکردنەوەو جێبەجێکردنی شەراکەتە، نەک یەکێتی بگرە پارتیش ناتوانێت بەڵێنەکانی کاتی پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ بکات. ئاخر لەبەر ئەمە حکومەت بۆ پارتیش بۆتە قەیران و کێشە لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەڵگەی سەرکەوتن و کار راستی."

جەختیشی كردۆتەوە كە: "ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتییە کە بەڵێنی دابو دوای کۆنگرەی ١٤ی حزبەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنەکان هەڵبداتەوە کەچی هەر سەعی لە لاپەڕە کۆنەکان دەکات و لاپەڕەی سپی و نوێ دیار نییە. کێشەکە لێڵی سیاسەتی پارتییە نەک نائامادەگی یەکێتی".

News Code 7558

Your Comment

You are replying to: .
captcha