یووسف محه‌مه‌د: دەرفەتە بۆ کورد، هه‌وڵی دژوه‌ستانه‌وه‌ی

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوکتۆر یووسف محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆکی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی کورد پاش شکستی چه‌ند ساڵی ڕابردوویان له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: "ئێستاش سه‌ڕه‌رای لەکیس چوونی دەرفەتی زێڕین هێشتا دره‌نگ نه‌بووه‌ و ده‌توانرێ له‌ ڕێی گرتنه‌به‌ری ستراتیژێكی نیشتمانی كه‌ تەکریزی لەسەر خه‌ڵک و خاک له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانبێت، هه‌وڵی دژوه‌ستانه‌وه‌ی "ته‌عریبی نوێ" و "سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع" بدرێ."

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 30ی ته‌مووزی 2019 ئه‌یاس سامۆک گوته‌بێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕای‌گه‌یاند: کارکردن به‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستووری کۆماری عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌کوو ئه‌و کاته‌ی بڕگه‌ و پێویستییه‌کانی به‌دی ده‌هێندرێن و ئامانج له‌ ده‌رکردنی به‌دی دێت چوونکه‌ به‌شێک له‌ بڕگه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کراون. بۆیەش داوای له‌ داموده‌زگاکان کرد سه‌رجه‌م بڕگه‌کانی ئه‌و مادده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بکه‌ن.

گوته‌بێژی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق سه‌باره‌ت به‌ واده‌ی دیاریكراو بۆ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌یه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌: "دادگای باڵا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه ‌كردووه‌ته‌وه‌ واده‌ی دیاریكراو بۆ مادده‌ی 140ی ده‌ستوور به‌ مه‌به‌ستی دانان و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاره‌كان و هاندانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی و واده‌كه‌ په‌یوندی به‌ گۆڕینی ناوه‌ڕۆک و به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئامانجه‌كه‌وه‌ نییه‌."

کورد خوازیاری جێبه‌جێ‌کردنی ته‌واوی بڕگه‌کانی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقه‌ بۆ دیاری‌کردنی چاره‌نووسی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و حوکمی دادگه‌ی فیدڕاڵ به‌ ده‌ستکه‌وتێکی گه‌وره‌ بۆ خۆیان ده‌زانن به‌ڵام عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کان ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ چوونکه‌ واده‌ی دیاری‌کراو بۆ جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی 140 ته‌واو بووه‌ چیتر ئه‌و ماده‌یه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ بایه‌خێکی نییه‌ و شایانی جێبه‌جێ‌کردن نییه‌ هه‌ر بۆیه‌ ناڕه‌زایه‌تییان دژ به‌ حوکمه‌که‌ی دادگه‌ی فیدڕاڵ ده‌ربڕی.

له‌ ده‌ستووری عێراقدا ڕۆژی 31ی دیسێمبێری 2007 وه‌ک دوایین واده‌ی جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی 140 و دیاری‌کردنی چاره‌نووسی ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌به‌رچاو گیرابوو به‌ڵام تاکوو ئێستا قۆناغه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئه‌م مادده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ نه‌کراوه‌.

ده‌رفه‌تێکی له‌بار بۆ ژیاندنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع

دوکتۆر یووسف محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری کوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێارق له‌باره‌ی حوکمی دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌باره‌ی به‌رده‌وامی و ئیلزامی‌بوونی جێبه‌جێ‌کردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: بڕیاری ژماره‌ 71/ ئیتیحادی/ 2019ی دادگای باڵای فیدڕاڵی سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی و ئیلزامی بوونی جێبه‌جێ‌كردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ بۆ سه‌رله‌نوێ ژیاندنه‌وه‌ی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌یه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر ڕێوشوێنێک بۆ سه‌پاندنی ئه‌مری واقیعی نوێ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ تایبه‌ت که‌رکووک.

سیاسه‌تی نه‌وتی و له‌ناوچوونی ده‌ستکه‌وته‌کانی کورد

نوێنه‌ری فراکسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌رێمی کوردستان به‌ کوردپرێسی گوت: به‌داخه‌وه‌ ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ زیانبار نه‌بوو به‌ڵكوو بووه‌ هۆی پاشه‌كشه‌ی پرسی خاک و خه‌ڵک له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وله‌وییه‌تدان به‌ پرسی نه‌وت و دواتریش ئه‌وله‌وییه‌ت وه‌رگرتنی پرسی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی فیدڕاڵی.

سه‌رۆکی پێشووی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ درێژه‌دا زیادی کرد: ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نه‌وت و گازی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بووه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم له‌بری هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتیی ئه‌و ناوچانه‌ به‌ شێوه‌ی ده‌ستووری و یاسایی. له‌ كاتێكدا كورد بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌ مێژووی لانی‌كه‌م سه‌د ساڵی ڕابردوویدا كۆنترۆڵی نزیكه‌ی هه‌موو خاكه‌كه‌ی بكات.

دیاری‌کردنی سنووره‌کان به‌ خوێن

یووسف محه‌مه‌د له درێژه‌ی‌ دیمانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا به‌ توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی سه‌رکرده‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ڕه‌های کورد له‌سه‌ر که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان گرت که‌ ماده‌ی 140یان به‌ ماده‌یێکی یاسایی و ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر دیاری‌کردنی سنووره‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌ خوێن ده‌کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌و كات له‌بری پێداگری له‌سه‌ر دیاری‌كردنی سنوور به‌ خوێن (ئه‌و سنوورانه‌ی به‌ شه‌ڕ ڕه‌نگڕێژ ده‌كرێن، به‌ شه‌ڕیش ده‌گۆردرێن) ده‌بوو پێداگری له‌سه‌ر ئیلتیزام‌كردنی حكوومه‌تی عێراق بكرێ له‌ جێبه‌جێ كردنی ده‌ستوور و مادده‌ی 140 نه‌ک له‌شكركێشی بۆ ئه‌م ناوچانه‌.

ئاماژه‌ی یووسف محه‌مه‌د به‌ لێدوانه‌کانی مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆکی ئه‌وکاتی هه‌رێمی کوردستان له‌ مانگی فێبریوێریی 2015یه‌ که‌ ڕای‌گه‌یاندبوو: "سنوورکه‌نای ڕێککه‌وتنی "سایکس پیکۆ" سنوورگه‌لێکی ساخته‌یین و ده‌بێ سنووره‌ نوێیه‌کانی ناوچه‌که‌ به‌ خوێن له‌ ناو وڵات و یان له‌ نێوانیاندا بنه‌خشێندرێت. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عێراقێکی یه‌کپارچه‌مان بێت پێویستمان به‌ پێکهاته‌یێکی‌تر هه‌یه‌."

سایکس- پیکۆ ڕێککه‌وتنێک له‌ نێوان به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا بوو که‌ مانگی مه‌ی 1916 له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی جیهانیی یه‌که‌م و له‌سه‌ر ڕه‌زامه‌ندیی ڕووسیا بۆ دابه‌ش‌کردنی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی ئیمزا کرا.

ئه‌م ڕێککه‌وتننامه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا واژۆ کرا دابه‌ش‌کردنی سووریا، عێراق، لوبنان، فه‌له‌ستینی لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌م ناوچانه‌ پێشتر له‌ژێر کۆنتڕۆڵی تورکه‌کانی عوسمانی بوون. ناوی ڕێککه‌وتننامه‌که‌ له‌ "سر مارک سایکس"ی به‌ریتانیا و "فرانسوا ژۆرژ پیکۆ"ی فه‌ڕه‌نسی گیراوه‌.

کورد و داهاتووی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان

په‌رله‌مانتاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ته‌ئکید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هێشتاش کورد ده‌رفه‌تی بۆ بابه‌تی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێستاش سه‌ڕه‌رای به‌هه‌ده‌ردانی كاتی زێڕین هێشتا دره‌نگ نه‌بووه‌ و ده‌توانرێ له‌ ڕێی گرتنه‌به‌ری ستراتیژێكی نیشتمانی كه‌ خه‌ڵک و خاک له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكاته‌ ئامانج، هه‌وڵی دژوه‌ستانه‌وه‌ی "ته‌عریبی نوێ" و "سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع" بدرێ. هه‌وڵ بدرێ به‌ ڕوئیا و شێوازێكی كاركردنی نوێ و به‌ دروست كردنی ڕایه‌ڵه‌ی پته‌وی پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی‌تری ئه‌م ناوچانه‌ ئیداره‌یێكی مه‌ده‌نیی خزمه‌تگوزاری جیاواز بنیات بنرێته‌وه‌.

زه‌رووره‌تی پێداچوونه‌وه‌

دوکتۆر یووسف محه‌مه‌د ته‌ئکید له‌سه‌ر پێویستی گۆڕینی ستراتێژیی هه‌رێمی کوردستان له‌ که‌رتی نه‌وت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: كاتیه‌تی هه‌رێم خۆی قوتار بكات له‌ سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌ڵه‌ی ئێستا كه‌ نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ئابوورێكی به‌هێز بۆ هه‌رێم دروست بكات و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكات به‌ڵكوو بووه‌ته‌ هۆی لاوازكردنی هه‌رێم له‌ به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی ئیتیحادی و وڵاتانی دراوسێش.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: ساڵی 200 گرووپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕاپۆرتێكیدا به‌ ناوی "نه‌وت به‌رانبه‌ر به‌ خاک" پێشنیاری كرد كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر دواخستنی جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی 140 بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ ڕێ به‌ هه‌رێمی كوردستان بدرێ نه‌وت به‌ سه‌ربه‌خۆیی بفرۆشرێ. ئه‌وكات هه‌موان ئه‌م پێشنیاره‌مان به‌ خراپ زانی. به‌ڵام وا ئێستا هه‌م خاكمان دۆڕاندووه‌ و هه‌م بێ دانپێدانانی حكوومه‌تی ئیتیحادی، نه‌وتی هه‌رێم كه‌ موڵكی نه‌وه‌كانی داهاتووشه‌، تاڵانفرۆش كراوه‌.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

هه‌واڵی پێوه‌ندیدار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=57513

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75572

Your Comment

You are replying to: .
captcha