ئه‌ندامێکی فه‌رمانده‌ییی هه‌سه‌ده‌: تورکیا باش ده‌زانێت ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سنووره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ نیین

به‌شی سووریا- ئه‌ندامی فه‌رمانده‌ییی گشتیی سوپای سووریای دیموکرات له‌ لیدوانێکدا باسی له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی سوپای تورکیا کرد بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له‌ باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی فورات و گوتی: ده‌وڵه‌تی تورکیا باش ده‌زانێت ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر سنووره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ نیین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نه‌ورووز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی فه‌رمانده‌ییی گشتیی سوپای سووریای دیموکرات ئاماژه‌ی به‌ پڕۆژه‌که‌ی تورکیا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا کرد و به‌ هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووزی وت: به‌ هیچ له‌ونێک بابه‌تی ناوچه‌ی ئارام له‌ به‌رنامه‌ی ئێمه‌دا نییه‌ چوونکه‌ له‌ ئێستادا ناوچه‌که‌مان ئه‌منه‌ به‌ڵام هه‌رچی داعش به‌ره‌وڕووی شکستی کۆتایی ده‌بێته‌وه‌ ژماره‌یێک له‌ زلهێزه‌کان هه‌وڵه‌کانیان بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی ناوچه‌که‌ چڕ ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌م پڕۆژانه‌ سه‌رکه‌وتوو نابێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رمان وه‌ک تورکیا هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌رمی و له‌ ئاستی باڵاش ئه‌نجام نه‌درابێت چه‌ندین دیدار و دانووستانمان ئه‌نجام داوه‌. ده‌وڵه‌تی تورکیا باش ده‌زانێت که‌ ئێمه‌ هیچ هێرشێک بۆ سه‌ر سنووره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌نجام ناده‌ین. هیچ هه‌وڵێکمان بۆ خستنه‌ مه‌ترسیی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا ئه‌نجام نه‌داوه‌ به‌ڵام له‌مدواییه‌دا هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ سه‌ر ئێمه‌ زیاتر بۆته‌وه‌. بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان حکوومه‌تی خۆسه‌ری وه‌دیهێناوه‌ و کوردستانی سووریاش ئه‌م مه‌سه‌له‌ دووپات ده‌کاته‌وه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ نایانه‌وێت ڕێگه‌ به‌ دروست‌بوونی بابه‌تێکی وا بده‌ن. سه‌رجه‌م ئامانجه‌که‌یان ئه‌مه‌یه‌ و به‌م بۆنه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌که‌ن.

نه‌ورووز ئه‌حمه‌د جه‌ختی کرده‌وه‌: به‌ شێوه‌ی ئاشکرا ڕایده‌گه‌یێنم که‌ چیتر خوازیاری به‌رده‌وامیی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌که‌ماندا نیین. ئه‌و بابه‌تانه‌ی که‌ تورکیا وه‌ک بیانووی شه‌ڕ باسیان لێده‌کات ده‌توانین له‌ ڕێگای دایالۆگ و دانووستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ریان بکه‌ین. ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ به‌رانبه‌ر چاوی هه‌مووانه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی وڵاتێکی دیکه‌ی داگیر کردووه‌. دۆخی باب، جرابلۆس، ئه‌عزاز، ئیدلب و عه‌فرین ئاشکرایه‌. له‌ ئێستادا به‌ هه‌مان بیانوو هه‌وڵه‌کانیان بۆ داگیرکردنی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا چڕ ده‌که‌نه‌وه‌. هه‌موان بزانن و ئاگادار بن که‌ مکووڕبوونی تورکیا بۆ ئاماده‌بوون له‌ ناوچه‌که‌ قبووڵ ناکه‌ین. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان ده‌ست پێنه‌کات و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی شه‌ڕ بکات ده‌بێ بزانێت که‌ ئێمه‌ ئاماده‌ین و ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ئه‌نجام بدرێت ته‌نها ناوچه‌یێک ناگرێته‌وه‌. سنوورێکی هاوبه‌شی زۆرمان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌ و ئه‌م شه‌ڕه‌ په‌لکێشی سه‌رجه‌م سنووره‌ هاوبه‌شه‌کانمان ده‌کرێت. ئه‌گه‌ر شه‌ڕێک ڕوو بدات به‌ئاگا هاتنه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعش و ئه‌گه‌ری زیندووبوونه‌وه‌ی چه‌کدارانی داعش زیاد ده‌بێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75545

Your Comment

You are replying to: .
captcha