مەزهەرى خالقى سەرمایەیێکی گەورەیە بۆ کورد

بەشی فەرەهەنگ و هەونەر- وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هونەرمەند مەزهەرى خالقى سەرمایەیێکى گەورەى ئەم نیشتمانەیە و کارەکانى جێگاى شانازین کە لەڕێگەى ئینیستیوتەکەیەوە پێشکەشى کلتور و کەلەپوورى کوردىی دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەممە 4/8/2019 ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانى ئینیستیوتى کەلەپورى کورد لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن هونەرمەند مەزهەرى خالقى سەرۆکى ئینیستیوتى کەلەپورى کورد پێشوازیی لێکرا.

لەو سەردانەدا، هونەرمەند مەزهەرى خالقى کورتەیێکى لەبارەى ئینیستیوتەکەى پێشکەش کرد و کار و چالاکى و پوختەیێکى لەبارەى دابونەریتى کوردەوارى و پێکهاتەى ئاین و نەتەوەکانى کە لە کوردستان دەژین خستەڕوو، ڕاشیگەیاند: لە هەرێمى کوردسان نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان بەئاشتى بەیەکەوە دەژین، لەو ڕوانگەیەشەوە بەپێویستى زانى ڕۆحیەتى بەیەکەوە ژیان لە کوردستان کارى لەسەر بکرێت و پیشانى دونیا بدرێت، هاوکات لە دوتوێى نمایش کردنى چەند بابەتێکى بەڵگەنامەیى دۆکیۆمێنتارى ئامانجى ئینیستیوتى کەلەپورى کورد ڕوونکرایەوە.

لای خۆیەوە ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیێکدا ڕایگەیاند: "هونەرمەند مەزهەرى خالقى سەرمایەیێکى گەورەى ئەم نیشتمانەیە و ئێمە شانازى دەکەین تۆ بەو تەمەنەوە بەدواى داهێنان و کۆکردنەوەى گەورەترین سەرمایەى نەتەوایەتیت ئەویش کلتور و کەلەپورى کوردییە".

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیشى:"وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا ئامادەى تەواوى هاوکارى و پشتیوانیتین لە پڕۆژە و بەرنامەکانت و هیوادارین وەکوو گروپێک لە گرووپەکانت هەژمارمان بکەیت بۆ کارەکان"، هاوکات ئارام محەمەد قادر، هیواى تەندروستى و سەلامەتى بۆ هونەرمەند مەزهەرى خالقى خواست.

شایانی باسە مامۆستا مەزهەر خالقی لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری سنە لە دایک بووە. لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایییەوە، دەستی بە کاری ھونەری کردووە و لە لای ڕۆستەم مۆقەدەس فێری سۆلفێچ و مەقامی فارسی کراوە، ساڵانی دواتر لای حەسەن کامکار پەرەی بە زانستی گۆرانی و مەقامات داوە، ھەروەھا لە چالاکی شانۆیی و وەرزشی قوتابخانەکەیدا، بەشداری کردووە و لەلایان بەڕێوبەری پەروەردەی سنەوە خەڵات کراوە.

تا ساڵی ١٩٥٦ ھەموو ڕۆژانی چوارشەممە، لەبەرنامەیێکی ڕاستەوخۆی ڕادیۆ سنەدا، گۆرانی پێشکەش کردووە، گۆرانییەکان تەنھا بڵاو بوونەتەوە و تۆمار نەبوون، ساڵی ١٩٥٧ بۆ ماوەیەک لە شاری سەقز مامۆستای ناوەندی بووە.

ساڵی ١٩٥٨ شاری سنەی بە جێ ھێشتووە و لە زانکۆی تاران وەرگیراوە و لە ھەمان زانکۆدا بەکالۆریۆسی لە فیزیک و دواتریش ماستەری لە بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازیدا، بەدەست ھێناوە. لەگەڵ چوونی بۆ زانکۆی تاران، لە ڕادیۆی تاران وەک وەرگێڕ و ڕێپۆرتەر و بێژەر و دواتریش لە چەند بوارێکی تری ڕاگەیاندندا کاری کردووە.

لە ڕادیۆ تاراندا لەگەڵ مامۆستایانی بەناوبانگی موزیکی کورد و ئێرانی وەک: حەسەن یوسف زەمانی، حسێن یوسف زەمانی، موجتەبا میرزادە، مورتەزا حەنانە، مستەفا کەسرەوی، حسەینعەلی مەللاح، عەلی ئەسغەر بەھاری، فەرەیدوون ناسری، عەلی تەجویدی، پەیوەندی پەیدا کردووە و لەگەڵ ئۆرکێستراکانی: سەمفۆنیک گەورەی ڕادیۆ ئێران، وەزارەتی ھونەرەجوانەکان، و ئۆرکێستراکانی تری ئەو سەردەمەی ئێران، دەیان ئاواز و گۆرانی تۆمار کردووە.

ساڵی ١٩٦٦ لەسەر داوای خۆی ڕووی لە عێراق کردووە و لەبەشی پەروەردەی سەفارەتی ئێران وەک مامۆستا دەستبەکار بووە، ساڵی ١٩٦٧ بەرەو ئێران گەڕاوەتەوە. سەرەتای حەفتاکان، وەک بەڕێوەبەری گشتی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوچەی خۆرئاوای ئێران دەستنیشان کراوە، دوای شۆڕشی ئێران و تاساڵی ١٩٨٢ لە کاری ڕاگەیاندن لە شاری تاران بەردەوام بووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75518

Your Comment

You are replying to: .
captcha