ڕێكخراوی كرێكاران: 22 هه‌زار كرێكاری بیانی له هه‌رێمی‌ كوردستانن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانیی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا و به‌هۆی پێشكه‌وتنی خێراوه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ هاورده‌كردنی كرێكاری بیانی هه‌بوو و ئێستاکه‌ 22 هه‌زار كرێكاری بیانی له‌ كوردستانن و له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا كار ده‌كه‌ن.

کوردپرێس:

حه‌مه‌ هه‌ژار سه‌رۆكی ڕێكخراوی كرێكارانی بیانیی هه‌رێم به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئێستا له‌ كوردستان 22 هه‌زار كرێكاری بیانی هه‌ن كه‌ خه‌ڵكی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئاسیایان تێدایه‌ به‌ڵام له‌ قه‌یرانی داراییدا به‌شێک له‌ كرێكارانی بیانی ڕۆیشتنه‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا، ئه‌گه‌رنا ڕێژه‌كه‌ زیاتر بوو."

ناوبراو زیادی کرد: "به‌رده‌وام كرێكاری بیانی ده‌ڕۆن و كرێكاری نوێ دێن به‌ڵام ڕێژه‌ی ڕۆیشتن زیاتره‌ له‌ هاتن، خۆشمان به‌نیازین سێ هه‌زار كرێكار بنێرینه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانی خۆیان به‌ڵام كۆنسووڵخانه‌كانیان هاوكاریمان ناكه‌ن و مه‌رجی قورسیان هه‌یه‌ و ئامانجی ئێمه‌ش له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و سێ هه‌زار كرێكاره‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م هه‌لی كار بۆ خه‌ڵكی خۆمان بڕه‌خسێنین، دووه‌م ده‌مانه‌وێت ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه بۆ ناوخۆی خۆمان به ‌كار بێته‌وه‌، سێیه‌میش ئه‌و كرێكارانه‌ زۆربه‌یان نه‌خۆشییان هه‌یه‌ باشتره‌ دووریان بخه‌ینه‌وه‌ له‌ وڵات."

سه‌رۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی بیانیی هه‌رێمی کوردستان گوتیشی: "به‌شێک له‌ كرێكارانی بیانی نه‌خۆشیی ئایدز و ڤایرۆسی كه‌مه‌ندییان هه‌یه‌ بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ین له‌ كاتی هاتنی كرێكاری بیانیدا پشكنینی ته‌ندروستی توندتر بكرێت."

ناوبراو داوایشی له‌ به‌رپرسانی باڵای حکوومه‌ت کرد ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی كرێكارانی بیانییه‌وه‌ ئاماده‌ كراوه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ببینن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75517

Your Comment

You are replying to: .
captcha