بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە

بەشی جیهان- دوو دامەزراوەی جیهانی یەکێک نەرویجی و ئەویتر ئەمریکی لە راپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار بەرمیل نییە بەڵکوو نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەردوو دامەزراوەی ڕیستاد و ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگەیاندووە، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە.

ڕاپۆرتەکان کە کۆتای مانگی حوزەیران و سەرەتای تەموزی ٢٠٢٢ بڵاو کراونەتەوە دووپاتیان کردۆتەوە کە بڕی ئەو یەدەگانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناگرێتەوە.

ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن ٤٥ بەرمیل نەوت لە هەرێم هەیە بەڵام خەمڵاندنەکە ئەو یەدەگانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا نەسەلمێنراون و هەروەها یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکووکیشەوە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ەوە کورد کۆنترۆڵی لەدەست داوە. بەوپێیە گەر ئاستی نەوتی هەرێم لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە و زیاد نەکات ئەوا تا ٢٤ ساڵی تر نەوت بەرهەم دەهێنرێت.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لە پێگەی فەرمی خۆی یەدەگی خەمڵێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ٤٥ ملیار بەرمیل دیاری کردووە.

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوچەکە بەهرەمەندە بە بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتی کە دەکرێت هەناردەی دەرەوەی عێراق بکرێت.

ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا U.S.EIA جەختی لەوە کردووەتەوە لە پێناو هەناردەکردنی یەدەگی غازی سروشتی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەورووپا، بڕێکی زۆر وەبەرهێنان پێویستە و دەبێت بۆرییەکی نوێی غاز دروست بکرێت.

بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەند لەو ئاستەنگانەیە کە پەرەپێدانی کەرتی وزەی هەرێم ڕادەگرێت.

بەپێی راپۆرتەکەی ریستاد ئێستا کۆی گشتی ئەو نەوتەی دەتوانرێت دەربهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٩% کەمترە و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە.

کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی Rystad Energy کۆمپانیایەکی سەربەخۆی توێژینەوەی وزە و بازرگانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە.

News Code 7545

Your Comment

You are replying to: .
captcha