کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دۆڕاوی یەكەمی ئاشتیی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەن

بەشی جیهان- کریس دۆیڵ پێی وایە ئەگەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق ئاسایی بکرێنەوە، کوردەکانی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە دۆڕاوی سەرەکیی ئەو ڕێککەوتنە دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش هاندانی ڕووسیا حکوومەتی تورکیا زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا گرتووەتەبەر، لەوانە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی هەرسێ وڵات لە مۆسکۆ؛ دیاری کردنی وادەی کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات لەم مانگەدا و هەوڵەکانی ئەنقەرە بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، لە ئایندەیەکی نزیکدا و پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

کریس دۆیڵ، بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی ئەنجوومەنی لێکتێگەیشتنی بەریتانیا-عەرەب لە لەندەن، لە وتارێکدا باس لە دەرئەنجامەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا دەکات ئەوەش پاش دوای زیاتر لە دە ساڵ پشتیوانی کردنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەلایەن ئەنقەرەوە و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە.

کریس دۆیڵ، لە ڕۆژنامەی ئینگلیزی زمانی عەرەب نیووزی وتارێکی بڵاو کردۆتەوە و کوردەکانی سووریای وەک دۆڕاوی سەرەکیی ئەو ڕێککەوتنە لەقەڵەمدواوە. بە وتەی دۆیڵ، ئەگەر پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکرێتەوە حکوومەت پابەند دەبێت بە کۆنترۆڵ کردنی کوردەکانی وڵاتەکەی، چوونکە لەو کاتەدا تورکیا ئامادە دەبێت دەستبەرداری هێرشی زەمینی بۆسەر باکووری سووریا ببێت.

بە وتەی ئەم پسپۆڕەی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردەکانی سووریا دوای ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، ئازادیی کردار و قەڵەمڕەوی خۆبەڕێوەبەریی ئێستا لەدەست دەدەن.

هەر بە بۆچوونی کریس دۆیڵ، ئۆپۆزسیۆنی سووریا کە لە ساڵی 2011ەوە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت، زەرەرمەندی دیکەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا دەبێت، چوونکە تورکیا لە بەرامبەر هەنگاوەکانی دیمەشقدا پابەند دەبێت بە پاڵپشتی نەکردن لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا.

News Code 7521

Your Comment

You are replying to: .
captcha