لە ئێستادا تورکیا بیر لە هێرشی زەمینی بۆ سەر کوردەکانی سووریا ناکاتەوە

بەشی جیهان- دکتۆر میشێل جۆنسن پێیوایە لە ئێستادا هەوڵدان بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا جێگەی هێرشی زەمینی ئەنقەرەی بۆ سەر کوردەکانی سووریای گرتۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا لە یەک مانگی ڕابردوودا چەندین جرا هەڕەشەی هێرشی زەمینیی بۆسەر ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سووریای کردووە، وەها هێرشێک لەلایەن ئەمریکا و ڕووسیاوە بەتوندی ڕەت کرایەوە و هێشتا ئەو هێرشە ئەنجام نەدراوە.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیان وایە تورکیا کە ڕووبەڕووی کێشەی زۆری ناوخۆیی بووەتەوە، لەسەر پێشنیازی ڕووسیا هێرشی زەمینی گۆڕیوەتەوە بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا و گوشاری هاوبەش بۆ سەر کورد.

میشێل جۆنسن، شرۆڤەکاری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یاداشتێکدا کە لە ڕۆژنامەی "عرب نیوز"دا بڵاو کراوەتەوە، پێی وایە لە ئێستادا هێرشە زەمینیەکەی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا هەڵپەسێردراوە، ڕووسیاش بەتەمای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیایە لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی سووریا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان و لەکاتێکدا ئاستی جەماوەریی زۆر کەمیکردووە، هەوڵ دەدات دەنگەکانی زیاد بکات، دەیەوێت لەڕێگەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا ملیۆنان پەنابەری سووریا بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێنێتەوە. بۆیەش لە ئێستادا لەبری بیر کردنەوە لە شەڕ و هێرشی زەمینی بۆسەر کوردەکان ڕێگای مامەڵە و تەعامول کردنی لگەڵ دیمەش گرتۆتەپێش.

News Code 7517

Your Comment

You are replying to: .
captcha