بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هیوای گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پارتی لە دوای کۆنگرەی 14 و لەسەر راسپاردەی مەسعوود بارزانی، بریاری چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و لێکنزیکردنەوەی لایەنەکانی داوە.
ناوبراو زیاتر گوتی، بێگومان لەدوای سەری ساڵ کێشەکان چارەسەر دەکرێن و لاپەرەیەکی نوێی دۆستایەتی لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەڵدەدەینەوە، بەم هەنگاوەشیان پارتی و یەکێتی دڵی خەڵکی کوردستان خۆش دەکەن.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دووپاتی کردەوە، بەدڵنیاییەوە هیچ کاتێک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رێگە نادات رووداوی نەخوازراو و ناخۆش روو بدات و هاووڵاتییان و هیچ لایەک زیانی پێ بگات، "چوونکە هەموو هەوڵەکانی مەسعوود بارزانی و پارتی دیموکرات بۆ خزمەتی کورد و کوردستانە".
Your Comment