بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەلەفزیۆنی ڕووداو بڵاوی کردەوە نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان بۆ تاوتوێ کردنی ژمارەیەک پرس و ئاریشە بە سەردانێک گەیشتە بەغدا. لە چوارچێوەی سەردانەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ فایەق زێدان، سهرۆكى ئهنجوومهنى باڵاى دادوهريى؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح و بەرپرسانی هاوپەیمانیی سەروەری کۆبووەوە.
دەقی لێدوانی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
رووداو: دوای گشتپرسیی هەرێمی کوردستان، دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەخت و دژوار بوون؟ ئەی دیداری ئەمڕۆتان چۆن بوو؟
حەیدەر عەبادی: سوپاس بۆخودا، لە بنەڕەتدا هیچ قۆناخێک سەخت و دژوار نەبووە؛ بە پێچەوانەوە دوای گشتپرسی تەنانەت بەڕێز مەسعود بارزانی کاتێک سەردانی بەغدای کرد، لێرە سەردانی کردم. ئێمە کێشەی کەسیمان نییە؛ پێم وایە هەڵەیە هەر جیاوازییەک لە بیروبۆچووندا بکەینە کێشەی کەسی. ئەمڕۆ ناکۆکیمان هەیە لەبارەی نەوت و گاز و لەبارەی بابەتی دیکە پەیوەست بە پەیوەندی لەگەڵ هەرێم. ئەمڕۆ لە قسەکانماندا دووپاتمان کردەوە کە 95٪ هاوبەشیمان هەیە و تەنیا 5٪ ناکۆکی هەیە. بەرژەوەندیی هاوبەشە هەیە. ناکۆکییەکان 5٪ن. باشە بۆچی لەسەر ناکۆکییەکان چڕ ببینەوە و واز لە هاوبەشییەکان بهێنین. ئێستا گەل پێویستی بە هەلی کارە . کێشەمان هەیە کە پشت بە نەوت دەبەستین و نرخی نەوتیش هەڵبەزین و دابەزین دەکا. کێشەمان هەیە لە بەڕێوەبردنی ئابووری و دەسەڵاتی خاوێن. هەموو ئەو کێشانە ئێمە پێیان تاقیکراوینەتەوە و پێویستە هاوکاربین تاوەکو چارەسەریان بکەین. ئەمەیە بابەتەکە.
رووداو: ئایا زەمینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا؟
حەیدەر عەبادی: ئەمڕۆ ئەوەی لە نێچیرڤان بارزانی بەدیم کرد، بەڵێ. بەپێی دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیران زەمینە هەیە. بە راشکاوانە ئێمە پێشتر گفتوگۆمان لەبارەیەوە کردووە. نیازەکە دروستە و هەروەها رێکارەکانیش. بۆیە پێم وایە بواری چارەسەر هەیە، بەشێوەیەک لە خزمەتی خەڵک بێت. ئەوەی بە پلەی یەک بەلامانەوە گرنگە بەرژەوەندی خەڵکە، ئینجا لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق. بەدیهێنانی بەرژەوەندی خەڵک دەبێت خاڵی هاوبەشمان و بنەڕەتی بێت بۆ هەنگاوەکانمان.
Your Comment