گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بەم زووانە دەستپێده‌كه‌نه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- كاندیدی‌ پارتی‌ بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنە و نیشتەجێ کردنی عێراق ده‌ڵێت، کۆتایی ئەم هەفتەیە وه‌فدێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەردانی به‌غدا دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەنگین رێکانی به ‌میدیاكانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ وتووه‌: "لە کۆتایی ئەم هەفتەیە وه‌فدی‌ باڵای هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدا، ئێستا یاسای بودجەی 2022 ئامادەیەو لەدوو مانگی داهاتودا جێبەجێ دەکرێ و دواتر پڕۆژە یاسای 2023 دەستپێدەکات، هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێ لەدارشتنی ئەو پڕۆژە یاسایەدا و هەوڵ دەدەین هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە."

سەبارەت بەناردنی 200 ملیارەکەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ناوبراو ده‌ڵێت: "200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان، بڕێکی جێگیر نییە ئەگەری هەیە زیاد ببێ و ئەگەریشی هەیە کە کەم ببێ."

راشیگەیاند، "هەفتەیەکە حکومەتی عێراق پێکهاتووەو رێککەوتنێک هەیە کە ئێمە بەشداربوین بۆ پێکهێنانی ئەم کابینەیەی ئێستای حکوومەتی عێراق، تیایدا باسی هەموو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کراوە و چاوەڕێی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چەند بابەتێکی گرنگ هەن کە باسیان بکەین، بوودجە و یاسای نەوت و غاز و یاسای دادگای فیدراڵی و چەند بابەتێکی دیکەن".

News Code 7242

Your Comment

You are replying to: .
captcha