کوردپرێس:
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێواره‌ى ڕۆژی هه‌ینى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵ، دوباره پیرۆزباییى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ‌كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى له كار و ئه‌ركه‌كانیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆیان و هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنى ناوبراو و كابینه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، "سه‌رۆك وه‌زیران سوودانى، سوپاس و پێزانینى بۆ په‌یوه‌ندى و هه‌ڵوێستى نێچیرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه و هیواى خواست حكوومه‌ته‌كه‌ى بتوانێت له‌م قۆناغه‌دا به هه‌ماهه‌نگى و هاریكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى وڵات له هه‌مو ڕویه‌كه‌وه به‌ره‌و باشتر ببات و هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان پێكه‌وه له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات‌دا كار بكه‌ن و هه‌مووان هاریكار و یارمه‌تیده‌ر بن".
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگى و پێویستیى هاریكاریى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردنى حكومه‌تى فیدڕاڵى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور و له چوارچێوى سیستمى فیدراڵیدا.
په‌یوه‌ست به كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه، هه‌روه‌ها هاوڕابوون كه چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات به‌تایبه‌تیش كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى دیكه‌ى عێراق، ڕۆڵێكى بنه‌ڕه‌تى له ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات‌دا ده‌گێڕن، بۆیه پێویسته هه‌موان به گیانێكى به‌رپرسانه‌ى نیشتمانیانه و به ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانى وڵات، بۆ قۆناغى ئێستا و داهاتوو پێكه‌وه كار بكه‌ن.
Your Comment