بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیای پارتی وتووە: "لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە".
ناوبراو وتیشی: "هێزەکانی 70 و 80 خەریکی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەش کرد: "بەپێی ئەو پلانەی داندراوە تا چوار ساڵی داهاتوو دەبێت تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگە یەکبخرێن".
سەبارەت بە هەوڵەکانی دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتی: "بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر درێژەی کێشا، رەنگە هۆکارەکەشی زیاتر پەیوەندی بە دۆخی عێراقەوە هەبێت، ئێستا کە لایەنەکان سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتن، هیوادارین لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا کاری جیددی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو دوو لیوایە بکات، کارە سەرەکییەکەش تەنها دابین کردنی بوودجە و مووچەی هێزەکانە، دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایە فاکتەرێکی باشە بۆ رێگری کردن لە جموجۆڵەکانی داعش لەو سنوورانە".
Your Comment