بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی چەند پرسێکی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد. لە درێژەدا چەند تەوەری گرینگی ئەو گفتوگۆیە هاتووە:
ئێران لەگەڵ حکوومەتی سازانە
لەبارەی بۆچوونی ئێران و شێوەی ئەو حکوومەتەی دەیانەوێت لە عێراق لە دوای کشانەوەی سەدرییەکان دروستبکرێت، نوێنەرێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەبڕوای من ئەوەندەی شارەزاییم لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، ئەوان لەگەڵ ئەوەن لایەنە عێراقییەکان بتوانن بە سازان حکوومەتێک پێکبهێنن و هیچ لایەنێک وەلانەنرێت."
بە رواڵەت کورد بەسەر هەردوو بەرە شیعەکەی عێراقدا دابەشبوون، پارتی لە بەرەی سەدر و یەکێتیش لە بەرەی چوارچێوەدا دەردەکەوێت. نازم دەباغ دەڵێت: "ئێرانییەکان حەزیان نەکردووە کورد ببێتە لایەنێک لەگەڵ لایەنێکی دیکەی شیعە بۆ دەرپەڕاندنی لایەنەکانی دیکە، هەمیشە سووربوون لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێک هەموو لایەنەکانی تێدابێت."
سەبارەت بە دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی یان پێکهێنانی حکوومەتێک بەبێ سەدرییەکان، نازم دەباغ رەتیدەکاتەوە ئێرانییەکان لەگەڵ ئەو بژارەیە بن و دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە ئێرانییەکان لەگەڵ هیچ کەسێک نین بەتایبەت کەسێک بیەوێت کێشە بۆ حکوومەتی داهاتووی عێراق دروست بکات، موقتەدا سەدر بەندە بەبڕیاری خۆیەوە، ئەوەی ئێرانییەکان باسی دەکەن لەگەڵ رێککەوتن و سازانن بەبەشداریی هەموو ئەوانەی دەتوانن حکوومەتی عێراق پێکبهێنن بە موقتەدا سەدریشەوە."
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران زیاتر روونیدەکاتەوە "ئێرانییەکان هەمیشە پێیان باشە موقتەدا سەدر و هەموو ئەوانی دیکەش لە حکوومەتی داهاتووی عێراق هەبن، چوونکە دەمێک بوو باسی حکوومەتی زۆرینە دەکرا کە ئێمە باسمان لەوە دەکرد رەنگە ئەو حکوومەتە بە زیانی کورد تەواوببێت، ئەو کات و ئێستاش کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ حکوومەت و پێکهاتەی سازانن لە عێراق، بەڵام ئەوەش پەیوەندیی بە بڕیاری موقتەدا سەدرەوە هەیە کە ئایا بڕیاری داوە بەشداریی حکوومەتی داهاتوو بکات یان نا".
هۆشداریی ئێرانییەکان بۆ لایەنە کوردییەکان دۆستایەتییە
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەبارەی سەردانی شاندێکی باڵای ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان کە دەگوترێ لە رۆژانی رابردوودا هاتوونەتە هەولێر و سلێمانی، گوتی: "ئێمە ئاگادارین بەردەوام شاندەکان لە هاتن و چووندان و پێشتریش ئەو شاندانە سەردانیان کردووە."
سەبارەت بە داواکاریی ئێرانییەکان لە کورد، دەباغ دەڵێت: "ئێرانییەکان نایانەوێت و نەشیانویستووە کورد بەشێک بێت لە کێشەکانی نێو ماڵی شیعە، بەڵام کە بەشێک لەلایەنە کوردییەکان خۆی تاکلایەنە ئەو بڕیارەی داوە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی ئێران هۆشدارییان داوەتە بەرپرسان لە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، نازم دەباغ دەڵێت: "پێموایە ئەم پرسی هۆشداریدانە لەچوارچێوەی دۆستایەتییە، هەروەها چۆن باڵیۆزی ئەمریکا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش ئەوانەی خۆیان بە دۆستی کورد و عێراق دەزانن ئەو هۆشداراییانەی داوە کە لایەنە کوردییەکان دەبێت یەکڕیز بن و تەبابن و رێکبکەون و نەوەک هەر یەکەیان لە ئاهەنگ و لە سازێک بژەنن."
تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دراوسێ دەبێت
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆ هەرێمی کوردستان باشە دۆستی ئێران یان ئەمریکا بێت و کامیان بۆ ئاییندەی هەرێمی کوردستان لەبارترن و لە بەرژەوەندیی زیاتری هەولێرە؟ نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دەڵێت: "لە هەموو شتێک گرنگتر یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی خۆمانە، ئیدی ئێران یان ئەمریکا لەبەر چاوی رەش و کاڵی کورد و عێراق نەهاتووە هاوکاریی کورد و عێراق بکات، بەڵام ئێمە بۆ خۆمان هاوکاریی خۆمان ناکەین."
سەبارەت بە ناتەبایی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان بەتایبەت لە پرسە نێوخۆی و عێراقییەکانیشەوە بۆچوونی وایە: "هەتا کورد ناتەبابن، دڵنیایی دەداتە وڵاتانی دراوسێ کە ناتوانن هاوکاربن بۆ پاراستنی ئاسایش و بەرژەوەندییەکان، چوونکە تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر تێكچوونی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، چی ئێران بێت یان تورکیا یان سووریا بێت".
Your Comment