بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانى پارتى راگەیاندووە، چاوەڕوانی موفاجەئە دەكرێت لە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی و لەم ڕۆژانەدا دەرئەنجامەكان دەبینرێن.
حەداد دەشڵێت: "گفتوگۆكان گەیشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتوو، ئەگەر رێككەوتنیش سەد لەسەد نەكرابێت، ئەوە نزیكین لە رێككەوتن".
لەلایەکى دیکەوە عەبدوڵا عەلییاوایی راوێژکاری پێشووتری سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پارتى و یەکێتی رێککەوتنی نوێیان کردوە، بەڵام لەئێستادا ئاشکرای ناکەن.
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە رابردوودا دانیشتوون و تیمێكیان پێكهێناوە، كۆبوونەوەكان و ئەم تیمەش قۆناغی باشی بڕیوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرای کرد، تا ئێستا یەکێتی و پارتی كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆك كۆمارهەیە، بەڵام هەردوولا نزیكن لە رێككەوتن و گفتوگۆكان بە ئاڕاستەیەكی باشدا رۆیشتوون، چاوەڕوان دەكرێت سەركەوتووبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێشەممەی هەفتەی ڕابردوو مەحموود محەمەد وتەبێژی فەرمى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند، تائێستا پارتى و یەکێتى لەسەر کاندیدەکەی خۆیان سوورن و هیچ رێککەوتنێکیش لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆمارەوە نەکراوە.
Your Comment