بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال شکور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میللەت پرێسی ڕاگەیاندووە بەشێکی زۆری پەرلەمانتارانی شیعە و سونە بۆچوونیان لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە خراپە بەگشتی بە تایبەت پشکی هەرێمی کوردستان و تێبینی زۆریان لەسەر پرۆژەکە هەیە.
ناوبراو ڕوونی کردەوە ئەمساڵ حکوومەتی عێراق لەقەیرانی داراییدایە بەڵام بەگوێرەی ئەو پرۆژەیەی خراوەتە بەردەممان خەرجییێکی زۆر بۆ وەزارەتەکان و دامەزراوەکان تەرخان کراوە و دەبێت هەوڵ بدرێت قەبارەی کورتهێنان کەم بکرێتەوە و تاکە چارەسەریش بۆ ئەو هەنگاوە کەم کردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەتە.
جەمال شکور ئاشکرای کرد بەگوێرەی ڕەشنووسی پرۆژەکە داواکراوە هەرێمی کوردستان "اقیام"ی نەوت بداتە بەغدا واتا 250 هەزار بەرمیل نەوت پارەکەی بداتە عێراق و لەبەرامبەردا بودجە و مووچەی بۆ ڕەوانە دەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ڕاشیگەیاند پەرلەمانتاران بەو بڕگەیە ڕازی نابن و دەیانەوێت کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە لایەن حکوومەتی عێراقییەوە سەرپەرشتی بکرێت.
شکور وتیشی پەرلەمان و پەرلەمانتاران تەنها مافی گواستنەوە"مناقلە"یان لە پرۆژە یاسای بودجە هەیە و ئەگەر بیانەوێت ئەو بڕگەیەی تایبەتە بە هەرێم گۆڕانکاری تێدا بکەن دەبێت بریار بدەن پرۆژەکە بنرێتەوە بۆ حکوومەت و دواتر حکوومەت گۆرانکاری تێدا بکات.
ئەوەشی خستەڕوو پێویستە حکوومەتی هەرێم لەم ماوەیە و تا ئەو کاتەی پرۆژەی بوودجە پەسەند دەکرێت وەفدێک بنرێتە بەغدا بەمەبەستی دانوستان و ڕێککەوتن لەگەڵ کوتلەکانی پەرلەمان تا بنوانرێت پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment