کوردپرێس، بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە فەرماندەیەکی پێشمەرگەوە وەریگرتووە، دوو چەکداری پەکەکە لەو هێرشەدا کوژراون و دووی دیکەش بە برینداری کەوتوونەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.
لەمبارەوە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، چوار مووشەک ئاراستەی دەوروبەری گوندی تاراوە لە سنووری خەلیفان کراون. دواتر روونبووەوە کە بە درۆن هێرشەکە کراوە.
شایەتحاڵێک لە گوندەکە کە ڤیدیۆی ساتی بۆردوومانەکەی تۆمارکردووە و ئاماژەی بەوە کرد، بۆردوومانەکە دەنگێکی زۆری هەبوو و خەڵکەکە هەستیان بە ترس و دڵەڕاوکێ کرد.
دواتر دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی سنووری خەلیفان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاژێر 20:10 خولەک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو مەفرەزەیەکی چەکدارانی پەکەکەی لە دۆڵی بالیسان کردووەتە ئامانج.
بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆر، "مەفرەزە چەکدارەکەی پەکەکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕینەوە دەربازبوون و لە دۆڵی بالیسان لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج."
لەبارەی تەوای رووداوەکە یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە کە سەردانی شوێنی رووداوەکەی کردووە، وێنەی ئەو گەریلایانەشی بە تۆڕی میدیایی رووداو داوە کە لە شوێنەکە کوژرابوون.
Your Comment