سوید لە هاوڕێیەتیی کوردەکان خۆی دەبوێرێت

بەشی جیهان- سەرۆکوەزیرانی سوێد، دەڵێت نایەوێت حکوومەتی داهاتوو لەگەڵ پارتە چەپەکان پێکبهێنێت، کە پشتگیری لە کوردەکان دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماگدالینا ئاندەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوید سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی گشتیی سوید کە بڕیارە لە 11ی ئەیلوولی داهاتوو بکرێت رایگەیاند، دەیەوێت لەگەڵ پارتی ئازادیخوازی سویدی حکوومەتی داهاتوو پێکبهێنن ئەگەر بکرێت، نەک پارتی چەپەکان کە پشتگریی لە پەکەکە دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی سوید لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئەم هاوینە، پارتی چەپەکان ئاڵای پەکەکەیان بەرز کردەوە و لەگەڵ لایەنگرانیان گردبوونەوە، ئەمەش بەبڕوای من ئاماژەیە بۆ ناسەقامگری لەنێو حکوومەتدا. لەبەرئەوەی ئەو گرووپە، بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراون و ئەمەش دوودڵم دەکات حکوومەتیان لەگەڵ پێکبهێنم."

قسەکەی سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی نوێنەرانی هەر سێ وڵاتی سوێد، فینلاند و تورکیا لە هێلسنکیی پایتەختی فینلاند کۆ ببنەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی فینلاند، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە، تایبەت دەبێت بە پرسی ئەندامبوونی سوێد و فینلاند لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ و هەڵسەنگاندنی ئەو رێککەوتنە سێقۆڵیەی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا لە حوزەیرانی رابردوو لەکاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆدا لە مەدرید واژۆ کرا.

سەرەڕای رێککەوتنەکە، بەڵام تورکیا بەردەوام رەخنە لە هەردوو وڵات دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بەوەی پشتگیری لە پەکەکە دەکەن.

تاوەکوو ئێستا لە کۆی 30 وڵاتی ئەندامی ناتۆ، 23 وڵات رەزامەندییان لەسەر ئەندامێتیی سوێد و فینلاند لە رێکخراوەکە داوە.

News Code 6808

Your Comment

You are replying to: .
captcha