بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ سووریا، مەرجی پێشوەختەمان نییە

بەشی تورکیا- وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ سووریا، مەرجی پێشوەختەمان نییە و رەتیشی کردەوە کە سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد کۆ ببنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ سووریا، مەرجی پێشوەختەیان نییە و پێیوایە بۆ سەرگرتنی دیالۆگ نابێت مەرجی پێشوەختە هەبێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا پێیوایە قەیرانی 11 ساڵەی سووریا "سەرهەڵدان و بەهێزبوونی تیرۆر"ی لێکەوتووەتەوە، هەربۆیە سوورییەکان ترسیان هەیە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان؛ هاوکات ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتدان، بەهۆی مامەڵەی خراپەوە خەڵک نایەوێت بگەڕێتەوە.

چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کردووە، "تورکیا لە سەرەتای قەیرانەکەدا پێداگربوو لەوەی کە تەنیا لەڕێگەی سیاسەتەوە قەیرانەکە چارەسەر دەکرێت، نەک شەڕ و ئاڵۆزی. لەسەر ئەم بنەمایە دانوستاندنەکانی ئاستانەمان پێکهێنا. جگە لە ئاستانە، سەرجەم دەستپێشخەرییەکان بۆ چارەسەریی قەیرانی سووریا شکستیان هێنا."

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و بەشار ئەسەد، کە بەپێی میدیاکان مانگی داهاتوو لە لووتکەی سەمەرقەند لە کازاخستان کۆ دەبنەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتیکردەوە، ئەو دوو سەرۆکە کۆ ببنەوە و گوتی، "کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لە پلاندا نییە".

News Code 6782

Your Comment

You are replying to: .
captcha