بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، پێویستە هەنگاوی زیاتر لەگەڵ سووریا بنێن و ئەوان کێشەیان نییە لە شکستپێهێنان یان شکستپێنەهێنانی بەشار ئەسەد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2016 ئەردۆغان گوتبووی بۆ کۆتایی هێنان بە "حکوومەتی دڕاندانە"ی ئەسەد، چوونەتە نێو خاکی سووریا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە ئۆکراینا وەڵامی ئەو رۆژنامەڤانانەی دایەوە کە لە فڕۆکەکەدا لەگەڵیدا بوون.
سەبارەت بە کاردانەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر لێدوانی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئاشتکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆن و حکوومەتی سووریا کە گوتبووی: "تورکیا نەیتوانی شکست بە بەشار ئەسەد بهێنێت، بۆیە ئێستا زەمینەسازی بۆ رێککەوتن دەکات"، ئەردۆغان گوتی، "ئێمە کێشەمان نییە لە شکستپێهێنانی ئەسەد یان نا، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا رووداوەکە بەرەو ئاستێکی وا ببات، ئەمە کوالێتی و کێشی ئۆپۆزیسیۆن دەخاتەڕوو."
ئەردۆغان هەروەها گوتیشی: "بە هەموو ئەو هەنگاوانەی کە ئێستا لە سووریا دەینێین، بە تایبەت لەو کارانەی کە لەگەڵ رووسەکان لەو ناوچەیە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای فوراتەوە تاوەکو دەگاتە دەریای ناوەڕاست لە باکووری سووریا کردمان، شەڕی دژی تیرۆر هەبوو. ئێمە پێکەوە بەردەوامین لەو شەڕە لە کاتێکدا هەندێک لەو کارانە پێکەوە لەگەڵ رووسەکان دەکەین، هەندێکیان بە سەرباز و هێزە ئەمنییەکانی خۆمان دەیکەین. من هەمیشە دەڵێم، یەکێک لە گرنگترین خەسڵەتەکانی دیموکراسی هەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی بەهێزە. بێگومان ئێمە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزمان نییە. کێشەکە لێرەدایە. بە واتایەکی دیکە بێئاگان لەوەی لە سووریادا چی دەگوزەرێت."
ئەردۆغان رەتیکردەوە لە ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوەکەیان بۆ سەر کوردستانی سووریا پاشگەزبووبێتنەوە و ئەو گوتەیەی کە بەردەوام دەیڵێتەوە "دەتوانین شەوێک لەناکاو بێین"، بێهودە نییە.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد: "ئەمەش کاتێک دەکرێت کە کاتی خۆی هات، بەڵام با ئەمەش بڵێم؛ با کەس لە تورکیا نەپرسێت، بۆ شتێکی لەم جۆرە ئامادەیت؟ ئێمە بۆ هەموو ئەم شتانە ئامادەین. ئێمە وەکو چۆن ئامادەین، هەروەها هێزی ئەوەمان هەیە سات بە سات هەرچی پێویست بێت بیکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت بەوەی هاوکاریی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات و دەڵێت: "ئێستا بێگومان بە تایبەت ئەمریکا، بەداخەوە هەزاران بارهەڵگر چەک، تەقەمەنی، ئامێر و هەرچییەک بیری لێ بکەیتەوە، لەوێ کۆدەکاتەوە. ئەمە بۆ کێ کەڵەکە دەکات؟ بە تەواوی بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئەمریکا ناتوانێت بڵێت من خۆراکم بە تیرۆر نەدا. ئەوە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانن کە بە پلەی یەکەم خۆراک دەدەنە تیرۆر لە سووریا؛ بە شێوەیەکی دڕندانە کردوویانە و تائێستاش دەیکەن. ئەوان لەوێ بێزار نەبوون و لە عێراقیش هەمان شتیان کرد، بۆ کێ؟ دیسان بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان."
هەر سەبارەت بە دۆخی سووریا و هەسەدە، ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دەڵێین با هاوسۆزییەکی وەها لەگەڵ رووسیا نیشان بدەین، بە جۆرێک بتوانین لە سووریا و بە تایبەت لە باکووری سووریا چ رۆژهەڵات بێت یان رۆژئاوا، بەرەنگاریی تیرۆریزم ببینەوە. هەمیشە پرسیار دەکەین؛ ئەم تیرۆریستانە سەرچاوەی دارایی لە کوێوە دابین دەکەن؟ ئێستا ئەوانەی نەوتی کوالێتیی خراپی قامیشلۆ دەردەهێنن ئەو تیرۆریستانەن. کێ دەیبات؟ رژێم دەیبات. سەرچاوەی پارەکە لای رژێمە، ئەوان دەیکڕن. هەموو ئەم راستییانە ئاشکران. ئێمە دەمانەوێت ئەو پرۆسەیە لەوە زیاتر درێژ نەکەینەوە، ئێمە چاومان نەبڕیوەتە خاکی سووریا، چوونکە خەڵکی سووریا برای ئێمەن، ئێمە لەوێ هیچ کێشەیەکی لەو شێوەیەمان نییە، یەکپارچەیی خاکەکەیان بۆ ئێمە گرنگە، دەبێت رژێم دەرک بەمە بکات".
Your Comment