نوسینگەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ڕاگەیاند

بەشی عێراق و هەرێمی وردستان- سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتى هەرێمى راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی راگەیەنراوەکە بەم شێوەیە:

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/8/10 به‌ سه‌رپه‌رشتيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى خاتوو جێنين پلاسخارت نوێنه‌رى سکرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌يه‌کگرتووه‌کان له‌ عێراق، کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ کوردستانييه‌کان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ چوو.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌ره‌تا نێچيرڤان بارزانى له‌ وته‌يه‌کدا سوپاسى خاتوو پلاسخارت و لايه‌نه‌ سياسييه‌کانى کرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى بانگهێشتى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان و هيواى خواست لايه‌نه‌ سياسييه‌کان بگه‌نه‌ لێکگه‌يشتنێک بۆ دياريکردنى کاتى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کان و جه‌ختى له‌ گرنگيى هه‌ڵبژاردن بۆ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ و گوتی: دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.

لاى خۆيه‌وه‌ پلاسخارت وته‌يه‌کى ده‌رباره‌ى گرنگيى گه‌يشتنى لايه‌نه‌کان به‌ لێکگه‌يشتنێک له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن و دياريکردنى کاتى ئه‌نجامدانى کرده‌وه‌ و هه‌موو پشتگيرييه‌کى نه‌ته‌وه‌ يه‌کگرتووه‌کانى بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌که‌ ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێ به‌ زووترين کات بگه‌نه‌ ئه‌نجامێک، چونکه‌ زۆر کات له‌به‌ر ده‌ستدا نييه‌.

پاش ئه‌وه‌ى مسته‌فا سه‌يد قادر جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ڕاپۆرتى ليژنه‌ى ڕاسپێردراوى سه‌رۆکايه‌تى بۆ پرسى هه‌ڵبژاردن پێشکه‌ش کرد، لايه‌نه‌ سياسييه‌کانيش ڕا و بۆچوونيان له‌مباره‌يه‌وه‌ خسته‌ ڕوو و سوپاسى سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستانيان کرد بۆ هه‌وڵه‌کانى له‌پێناو کۆکردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ سياسييه‌کان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامى کۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆکانيان به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ کۆتاييدا بڕيار درا سه‌ره‌تاى ئه‌يلوولى داهاتوو دوايين کۆبوونه‌وه‌ بۆ يه‌کلاکردنه‌وه‌ى ته‌واوى بابه‌ته‌کانى په‌يوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌که‌ ئه‌نجام بدرێت، تا ئه‌وساش سه‌رۆکايه‌تيى هه‌رێمى کوردستان و لايه‌نه‌ سياسييه‌کان، به‌ هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یوونامی له گفتوگۆ و ئاماده‌کارى به‌رده‌وام ده‌بن.

News Code 6660

Your Comment

You are replying to: .
captcha