کارناسان خوێندنه‌وه‌ بۆ سه‌رئه‌نجامی موناقه‌شه‌ی تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر ناوچه‌ ئه‌منه‌که‌ی باکووری سووریا ده‌که‌ن

به‌شی جیهان- کارناسان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌م تورکیا و هه‌م ئه‌مریکا نایانهه‌وێت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان له‌ باکووری سووریا سازش بکه‌ن و ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی نێوان دوو وڵات له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو به‌ بێ هێزی کورد له‌ باکووری سووریا به‌ دوور له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌زانن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ نێوان سه‌رجه‌م ململانێکانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر کڕینی سیسته‌می به‌رگریی S-400ی ڕووسی له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ موناقه‌شه‌ی نێوان دوو وڵات له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا و چاره‌نووسی کوردی سووریا له‌و ناوچه‌یه‌ تۆختر و زه‌قتر کراوه‌ته‌وه‌ چوونکه‌ تورکیا ئۆلتیماتۆمی به‌ ئه‌مریکا داوه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ پارێزراوه‌که‌ به‌ قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تر له‌ باکووری سووریا و له‌ژێر کۆنتڕۆڵی ئه‌نقه‌ره‌ ڕێکنه‌که‌ون ئه‌وا له‌ داهاتوویێکی نزیکدا ئۆپه‌راسیۆنی دووهه‌می سه‌ربازیی خۆی بۆ سه‌ر کوردی سووریا ئه‌م جاره‌یان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات ئه‌نجام ده‌دات.

هالدوون سۆلمازتورک ژێنڕاڵێکی پێشووی سوپای تورکیا و توێژه‌ری ئێستا له‌ په‌یمانگای سه‌ده‌ی 21 پێی وایه‌ که‌ ڕێککه‌وتنی دوو وڵات له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ پارێزراوه‌که‌ی باکووری سووریا ئه‌سته‌مه‌.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری ڕێکنه‌که‌وتنی ئه‌نقه‌ره‌ و واشنتۆن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من به‌ هه‌واڵده‌ریی شینهۆوای ڕاگه‌یاند که‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ داواکاری و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی واشنتۆن.

فارووق لۆگ ئۆغڵۆ دیپلۆماتکاری باڵای پێشووی تورکیاش پێی وایه‌ که‌ سه‌ره‌ڕای دانووستانی به‌رفراوانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا دووڕنوار و ئاسۆیێکی ڕوون له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتنی دوو لایه‌ن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ پارێزراوه‌که‌ی باکووری سووریا نابینرێت.

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ حامی ئاکسۆی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی کرد که‌ ئه‌گه‌ر دانووستانه‌کانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌- واشنتۆن له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من ئه‌نجامێکی نه‌بێت ئه‌وا ئه‌نقه‌ره‌ تاکلایه‌نه‌ هه‌نگاوه‌کانی به‌ره‌و دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من له‌ باکووری سووریا هه‌ڵده‌نێت. لێدوانه‌کانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کاتێکدایه‌ که‌ بڕیاره‌ شاندێکی دیکه‌ی ئه‌مریکا بۆ دانووستان له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ سه‌ردانی تورکیا بکات.

به‌ڵام سێ کارناس ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا و سه‌رکه‌وتنیان بۆ سه‌ر کوردی سووریا به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من به‌ ناکارامه‌ وه‌سف ده‌که‌ن و پێیان وایه‌ که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نانه‌ت جێبه‌جێش ناکرێت.

یه‌زید سائق توێژه‌ری کاروباری سووریا له‌ دیمانه‌ی ئه‌مدواییه‌یدا له‌گه‌ڵ کوردپرێس وتبووی: ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا زۆر که‌مه‌ و ئه‌گه‌ر هێرشێکیش ڕوو بدات زۆر سنووردار ده‌بێت.

سۆلماز تورکیش له‌مباره‌وه‌ به‌ شینهۆوای وتووه‌: من پێم وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ری ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا ته‌نها 1 له‌سه‌ده‌. سوپای تورکیا له‌ ئاستێکی زۆر به‌ربڵاو له‌ باکووری سووریا تا باکووری عێراق جێگیر بوونه‌.

لۆگ ئۆغڵۆ وه‌بیری هێنایه‌وه‌ که‌ سوپای تورکیا زۆربه‌ی هێزه‌کانی بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ڕه‌وانه‌ی باکووری عێراق کردووه‌. ئه‌گه‌رچی تورکیا هه‌ست ده‌کات که‌ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر کوردی سووریا بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من پاساوێکی هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ گومانێکی زۆری دروست کردووه‌ هه‌رچه‌ند که‌ به‌ گشتی ناتوانین ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی سه‌ربازیی ئه‌نقه‌ره‌ بۆ سه‌ر کوردی سووریا ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه‌.

ناوبراو ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ تورکیا ناتوانێت به‌بێ مۆڵه‌تی ده‌وڵه‌تی سووریا یان حوکمی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ ماوه‌یێکی دوور و درێژ ناوچه‌ پارێزراوه‌ ئاماژه‌پێکراوه‌که‌ی باکووری سووریا کۆنتڕۆڵ بکات.

ئانتۆنی ئاویس دۆبۆسۆن شرۆڤه‌کار و چاودێری کاروباری کورد له‌ دیمانه‌یێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس باسی له‌وه‌ کردبوو که‌ له‌ ئێستادا دانووستانی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا له‌سه‌ر دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من گه‌یشتۆته‌ بنبه‌ست و هه‌ڕه‌شه‌ تونده‌کانی ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا بۆ سه‌ر کوردی سووریا سه‌باره‌ت به‌ هێرشی ئه‌و وڵاته‌ بۆ سه‌ریان درێژه‌ی ده‌بێت. ناوبراو پێی وابوو که‌ پێده‌چێت تورکیا ئۆپه‌راسیۆنێکی بچووک بۆ سه‌ر کوردی سووریا ئه‌نجام بدات به‌ڵام سه‌رۆک کۆماری ئه‌و وڵاته‌ هه‌وڵه‌کانی بۆ له‌ناوبردنی په‌که‌که‌ و ڕێگری له‌ دامه‌زراندنی هه‌ر جۆره‌ کیانێکی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر یان خۆسه‌ری کوردی له‌ وڵاتانی عێراق، سووریا و تورکیا چڕ ده‌کاته‌وه‌.

سۆلماز تورک له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌شداریی هێزی سوپای ئازادی سووریا له‌ ئۆپه‌راسیۆنی تورکیا بۆ سه‌ر کورده‌کان به‌ مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من گوتیشی: سوپای ئازاد ناتوانێت ئۆپه‌راسیۆنێک به‌و گه‌وره‌ییه‌ بۆ سه‌ر کورده‌کان له‌ باکووری سووریا ئه‌نجام بدات.

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ تورکیا و ئه‌مریکا خوێندنه‌وه‌یێکی جیاوازیان له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌من هه‌یه‌؛ تورکیا ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌منه‌وه‌ ڕێگری له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی هێزی کوردی سووریا (یه‌په‌گه‌) و کارتێکه‌ریی نه‌رێنیی ئه‌وان له‌سه‌ر وڵاته‌که‌ی بکات له‌ حاڵێکدا که‌ ئه‌مریکا ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای دامه‌زراندنی ناوچه‌ی ئه‌منه‌وه‌ ڕێگری له‌ داپه‌ڕی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر یه‌په‌گه‌ بکات.

فارووق لۆگ ئۆغڵۆ ده‌ڵێت: له‌ ڕاستیدا بنه‌مای سه‌ره‌کی له‌باره‌ی دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو ئه‌م بابه‌ته‌یه‌ که‌ تورکیا ده‌یهه‌وێت هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ له‌ناو ببات له‌ حاڵێکدا ئه‌مریکا هه‌وڵه‌کانی بۆ پاسه‌وانی له‌وان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا چڕ ده‌کاته‌وه‌.

سۆلماز تورک له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ که‌ ئه‌مریکا پێش له‌ هه‌ر شتێک کیانێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی له‌ باکووری سووریا دروست کردووه‌ و له‌ ئێستادا ده‌یهه‌وێت له‌ ڕێگای دانووستانه‌وه‌ تورکیا ناچار به‌ قبووڵ‌کردنی ئه‌و بابه‌ته‌ بکات و ڕێککه‌وتنی هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش ئه‌سته‌مه‌ و پێناچێت ڕێکبکه‌ون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65504

Your Comment

You are replying to: .
captcha