له‌ هه‌رێمی کوردستان کۆنفڕانسێک بۆ به‌ڕه‌سمی ناساندنی مه‌رزی کێلێ به‌ڕێوه‌ چوو

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ڕاپه‌رینی هه‌رێم باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ شاری قه‌ڵادزێ كۆنفڕانسێكی تایبه‌ت بۆ به‌ڕه‌سمی ناساندنی مه‌رزی كێلێ به‌ڕێوه‌ چوو و تێیدا لیژنه‌یێک پێكهێنرا که‌ لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و داواکاریی لیژنه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌رزی كێلێ نه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌و پاكێجه‌ی عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كات.

کوردپرێس:

جه‌وهه‌ر ڕه‌سووڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ڕاپه‌ڕین به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: له‌ شاری قه‌ڵادزێ به ‌ئاماده‌بوونی لێپرسراوانی حزبی و ژماره‌یێک له ‌په‌رله‌مانتاران كۆنفڕانسێكی تایبه‌ت بۆ به‌ڕه‌سمی ناساندنی مه‌رزی كێلێ به‌ڕێوه‌ چوو و له‌ کۆنفڕانسه‌که‌دا باسی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م به‌ڕه‌سمی ناساندنی مه‌رزی كێڵی كرا و له ‌ئه‌نجامدا بڕیار درا لیژنه‌یێک له ‌نوێنه‌ری یه‌كه‌می حزبه‌كانی ناوچه‌كه‌ و كه‌سایه‌تی و نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌كان پێكبهێنرێت.

ناوبراو وتیشی: "بڕیار درا لیژنه‌كه‌ له‌سه‌ر دوو ئاست كار بكات، یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم و كونسووڵخانه‌ی ئێران كۆ ببێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولا وه‌ربگیرێت تاوه‌كوو له ‌مه‌رزی كێلێیه‌وه‌ هاووڵاتییان به‌ پاسپۆرت هاتوچۆی ئێران بكه‌ن."

به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ڕاپه‌ڕین زیادی کرد: بڕیار درا له ‌ئاستی دووه‌مدا لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكات و له‌گه‌ڵ سه‌رۆک كۆمارو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عیراق كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات به‌ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی فشار بخرێته‌ سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عیراق كه‌ مه‌رزی كێلێ و مه‌رزه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نه‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌و پاكێجه‌ی عێراق دایناوه‌ و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم گفتوگۆ بكات بۆ ڕاده‌ست كردنی مه‌رزه‌كان له‌ ڕووی ئیداره‌دانه‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد که‌ تا ئێستا واده‌ی سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ بۆ به‌غدا دیاری نه‌كراوه‌ به‌ڵام له ‌به‌رنامه‌دایه‌ داوای بودجه‌یێكی دیكه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ به ‌ته‌واوی به‌ شێوه‌ی مۆدێرن دروست بكرێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65500

Your Comment

You are replying to: .
captcha