بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیێکی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاشکرای کرد؛ "زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتیی ئێران بۆ کارکردنی هاتوونەتە عێراق و هەرێمی کوردستان، شارەکانی هەولێر و بەغدا و بەسرە و نەجەف لە ریزبەندیی پێشەوەی ئەو شارانەن کە زۆرترین کرێکاری ئەو وڵاتەیان تێدایە، زۆربەی ئەو کرێکارانەش لە کۆمپانیا ئێرانییەکان کاردەکەن".
سەرچاوەکە ئاشکرای کردوە؛ یاسای کار رێگە دەدات بە هەموو کەسێک، هەڵگری رەگەزنامەی هەر وڵاتێک بێت لە عێراق کاربکات، ئێرانییەکانیش زۆترین سوودیان لەو رێگەپێدانە بینیوە، بەڵام بە کرێیەکی کەمتر لە کرێکارانی ناوخۆ کاردەکەن.
سەرچاوەکەی وەزارەتی کار ئاماژەی بەوەکردووە؛ زۆربەی هاوڵاتیانی ئێرانی وەک کرێکار، یان فرۆشیار، یان شۆفێری کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان، یان وەک شۆفێری بارهەڵگر کاردەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە هەزاران کەس لە بۆنە ئاینییەکاندا بەناوی زیارەتی ئاینییە دێنە عێراق و دواتر ناگەڕێنەوە.
پێشتریش لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد؛ چەندین حاڵەتی گەندەڵیی لە هێنانی کرێکارانی بیانی بۆ ناوخۆ وڵات تۆمارکراوە، سەرەڕای دیاردەی بێکاریی، بەڵام زیاتر لە 80 هەزار کرێکار بیانی لە عێراق کاردەکەن.
سەرچاوە: عەرەبی ئەلجەدید
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment