بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارام برادۆستی بەڕێوبەری فەرمانگەی کۆمسیۆنی پارێزگای هەولێر، بهمیدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگای چەند لیـژنەیێکی کۆمسیۆنەوە لە پارێزگاکان سەرقاڵی ڕێکخستن و پێداچوونەوەی لیستی تۆماری گشتیی دەنگدەرانە، چەند کۆبوونەوەیێکمان ئەنجام داوە و بۆچوون و پێـشنیازی گرینگ خراونەتە ڕوو، کە لە قۆناغی داهاتوودا هەڵسانگاندن و خوێندنەوە بۆ پێشنیازەکان دەکەین".
ناوبراو ڕایشیگەیاندووە: "کۆمسیۆن وردبینی و لێکۆڵێنەوە بۆ چوار بژاردە دەکات، بۆ ئەوەی بگەن بە تۆمارێکی پاک و دروست و دوور لە هەموو جۆرە کێشە و گرفتێکی هونەری و مەیدانی، بژاردەکانیش بریتین لە پشتبەستن بە "کارتی نیشتمانیی عێراقی" سیستەمی بایۆمەتریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تۆماری گشتیی دەنگدەرانی عێراق، یاخود سەرلەنوێ دروست کردنی تۆمارێکی تری دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەمەش پێویستی بە بودجەیێکی زۆر و لایەنی هونەری هەیە، ڕەنگە لە کاتی پێویستدا ئامادە نەبێـت".
سەبارەت بە ماوەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، برادۆستی ڕایگەیاندووە "بۆ هەر هەڵبژادنێک لە هەرێمی کوردستان، کۆمسیۆن پێوستی بە شەش مانگ ئامادەکاری هەیە، بۆ ئەوەی لە هەموو ڕوویێکەوە کۆمسیۆن بەباشی ئامادە بێـت".
سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران ، بەڕێوەبەری کۆمسیۆنی فەرمانگەی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە "لە هەوڵداین بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەرێم ببێتە خاوەنی تۆمارێکی بێگرفت و جێگای ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان و کۆی گشتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
لە کۆتای لێدوانەکەیدا ، ئاماژەی بەوە کردووە "پلانمان هەیە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو، بەڵکوو زیاتریش بەرز بکەینەوە و سیستەمی ئەلیکترۆنی بەکار بێنین. پێشبینی دەکەین ساڵی ٢٠٢٦هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کورستان بە سیستەمی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتوو ئەنجام بدرێـت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment