موسه‌ننا ئه‌مین هۆکاری بێده‌نگیی هه‌ولێر و به‌غدا و دوورنواڕی ململانێی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێم شی ده‌کاته‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێسدا ئاینده‌یێکی خه‌ته‌رناک و مه‌ترسیدار بۆ ململانێی نێوان په‌که‌که‌ و سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان پێشبینی ده‌کات و ده‌ڵێت: شه‌ڕی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ ڕه‌هه‌ندێکی مه‌ترسیداری به‌خۆ گرتووه‌ و پێویسته‌ کۆتایی پێبێت و پڕۆسه‌ی دانووستانی سیاسی له‌ تورکیا ده‌ست پێبکرێت و تفه‌نگه‌کان بێده‌نگ بکرێن و به‌دواداچوونی مافی کوردی تورکیا له‌ ڕێگای سیاسی و دیموکراسی و خه‌باتی ئاشتییانه‌وه‌ بێت.

کوردپرێس: له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان بۆ سه‌ر بنکه‌ و باره‌گای په‌که‌که‌ به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو به‌رز بۆته‌وه‌ و ئه‌م ململانێیه‌ ناوخۆییه‌ی تورکیا زیاتر له‌وه‌ی که‌ خاکی وڵاته‌که‌ی بگرێته‌وه‌ بۆ باکووری عێراق گواستراوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌هه‌ندی پێکدادانه‌که‌ش به‌رۆکی هه‌ولێر و به‌غداشی گرتووه‌.

له‌م نێوانه‌دا، په‌یوه‌ندیی قووڵ و به‌ربڵاوی نێوان هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی تورکیا و هاوکات شه‌ڕ و ململانێی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ له‌لایێکه‌وه‌ و له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ بێده‌نگیی ماناداری به‌غدا له‌ به‌رانبه‌ر به‌زاندنی سه‌روه‌ریی نیشتیمانیی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ڕه‌هه‌نده‌کانی بابه‌ته‌که‌ی دژوارتر کردووه‌.

هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس به‌ مه‌به‌ستی شرۆڤه‌کردنی ڕه‌هه‌نده‌کانی بابه‌ته‌که‌ دیمانه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌گه‌ڵ دوکتۆر موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ دیمانه‌که‌یدا چه‌ندین بابه‌تی لێکداوه‌ته‌وه‌ له‌وان ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان، ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌، هه‌ڵوێستی هه‌ولێر و به‌غدا و ئه‌گه‌ری ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌، ئاسۆی پێکدادانی نێوان دوو لایه‌ن له‌ خاکی هه‌رێم و ئه‌و کارانه‌ی که‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ دۆخه‌که‌ گرتوویه‌ته‌ به‌ر.

ده‌قی دیمانه‌که‌:

کوردپرێس: سوپای تورکیا به‌ بیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که‌) له‌ مانگی ئاداری 2018وه‌ هاتۆته‌ قووڵاییی خاکی هه‌رێمی کوردستان و ده‌ستی به‌ ئۆپه‌راسیۆنی فراوان کردووه‌ و له‌ ماوه‌ی مانگی ڕابردووشدا ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی چنگی 1 و 2ی په‌ره‌ پێداوه‌. ڕای ئێوه‌ له‌باره‌ی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌وه‌ چییه‌ و هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی چۆن ده‌بینن؟

موسه‌ننا ئه‌مین: ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ شکاندنی سه‌روه‌ریی عێراقه‌ جگه‌ له‌و پێوه‌ندییانه‌ی پێویسته‌ هه‌بێت له‌ نێوان تورکیا و حکوومه‌تی عێراق. هه‌ڵوێستی عێراقیش شتێکی‌تره‌ چوونکه‌ ناتوانێت سنووره‌کانی خۆی بپارێزێت و هه‌روه‌ها ناتوانێت سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خۆی بپارێزێت. عێراق ئێستا له‌ حاڵێکدایه‌ ئه‌وه‌نده‌ی کێشه‌ و گرفتاریی زۆر و جۆراوجۆر هه‌یه‌ که‌ نایپه‌رژێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ یان خود ناتوانێت به‌و شێوه‌ی پێویسته‌ دیفاع له‌ سه‌روه‌ریی خۆی بکات و هه‌وڵ بدات هاووڵاتییان نه‌بنه‌ قوربانی له‌و جه‌نگه‌ی که‌ له‌ نێوان په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی تورکیا هه‌یه‌.

کوردپرێس: پێشتر ڕێککه‌وتن له‌ نێوان حکوومه‌تی ناوه‌ندی و حکوومه‌تی تورکیا بووه‌. ئێستاش ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌و هێرشانه‌ به‌ ڕێککه‌وتن و ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت. له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌مه‌ چۆن ده‌بینن؟

موسه‌ننا ئه‌مین: به‌دواداچوونم بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ کردووه‌ و پێیان گوتم ڕێککه‌وتنێکی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ نێوان تورکیا و عێراق وجوودی نییه‌ و له‌ ڕابردووشدا نه‌بووه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ هه‌بووه‌ ڕه‌نگه‌ ڕێککه‌وتنێکی سێ قۆڵی بووبێت یان خود ڕێککه‌وتنێکی ئه‌منی و ئاسایشی بووبێت. به‌ڵام بێگومان ئه‌و جووڵانه‌ی که‌ له‌ سنووره‌کاندا ده‌کرێت ڕه‌نگه‌ ڕێککه‌وتن یان جۆرێک لێکتێگه‌یشتن هه‌بێت. زۆر جاریش هه‌بووه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ش نه‌بووه‌ و تورکیا هه‌مان کاری کردووه‌ و به‌ حه‌قی خۆی زانیوه‌ که‌ بێته‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان و له‌ ناو خاکی ئێمه‌ نه‌یاره‌کانی خۆی بکاته‌ ئامانج.

کوردپرێس: ڕۆڵی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن؟ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پێوه‌ندیی توند و تۆڵی هه‌ولێر و تورکیا هه‌ڵوێسته‌کانی حکوومه‌ت چۆن ده‌بینن؟

موسه‌ننا ئه‌مین: ئێمه‌ کێشه‌یێکمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و کێشه‌یێکیشمان له‌گه‌ڵ براده‌رانی په‌که‌که‌ هه‌یه‌. ئه‌وانیش پێویسته‌ سنووری سه‌روه‌ریی هه‌رێم و حکوومه‌تی عێراق بپارێزن چوونکه‌ ده‌ستووری عێراق ڕێگه‌ نادات ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژ به‌ وڵاتانی دراوسێ له‌ نێو خاکی عێراقه‌وه‌ بکرێت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش وای کردووه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمیش و براده‌رانی په‌که‌که‌ش زۆر جار تاکلایه‌نانه‌ مه‌سه‌له‌کانی خۆیان ده‌سه‌پێنن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرن. ئه‌وه‌ش وای کردووه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت وه‌کوو پێویست مامه‌ڵه‌یێکی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵیان ببێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایێک تێبگه‌ن که‌ ده‌بێت ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ به‌ شێوه‌یێکی‌تر بپارێزرێن واتا غه‌یر له‌ شێوازی جه‌نگ و لێکتێنه‌گه‌یشتن. دیاره‌ پاراستنی سه‌روه‌ریی خاک و ئاسمانیش له‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م ئه‌رکی حکوومه‌تی ئیتیحادییه‌ که‌ ئه‌و نه‌توانێت ئه‌نجامی بدات دواتر دێته‌ سه‌ر به‌رپرسیارێتیی حکوومه‌تی هه‌رێم. حکوومه‌تی هه‌رێمیش بێگومان ناتوانێت له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زۆر به‌ربڵاوه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌یه‌تی و له‌ بیدایه‌تی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ کاتێک ئه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌رێمی کوردستان دروست بووه‌ ته‌نیا ڕێگایێک که‌ هه‌رێم توانیویه‌تی هه‌ناسه‌ی لێوه‌ بدات بۆ دنیای ده‌ره‌وه‌ ته‌نیا تورکیا بووه‌ واتا تورکیا مه‌عبه‌رێکی نێوده‌وڵه‌تی بووه‌ بۆ کومه‌کی مرۆییی تیمه‌کانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هه‌روه‌ها کۆنسووڵخانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کان. هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ و له‌ تورکیاوه‌ هاتوچۆیان کردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێوه‌ندیی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ تورکیا په‌یوه‌ندییێکی پته‌وه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر تورکیا بیه‌وێت سنووره‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان ببه‌ستێت و ئاسمانه‌کانی لێی دابخات ئه‌وا زه‌ربه‌یێکی کوشنده‌ و گه‌وره‌یه‌ به‌ نیسبه‌ت حکوومه‌تی هه‌رێم و خه‌ڵکی هه‌رێم کوردستانه‌وه‌ که‌ ناتوانێت باره‌که‌ی هه‌ڵبگرێت و ته‌حه‌مولی ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ بکات بۆیه‌ ده‌بێت حکوومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵ بدات وه‌کوو پێویست په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو لایه‌نی په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی تورکیا بهێڵێته‌وه‌ و ئه‌م کێشانه‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ خاکی هه‌رێمی کوردستان و ڕێگه‌ نه‌دات خاکی هه‌رێم ببێته‌ ساحه‌ی ململانێ و جه‌نگی نێوان په‌که‌که‌ و حکوومه‌تی تورکیا. هه‌ردووکیان ده‌بێ ڕێز له‌و بابه‌ته‌ وه‌ربگرن و خاک و سه‌روه‌ریی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بپارێزن.

کوردپرێس: به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م دۆخه‌ی که‌ لێکتان دایه‌وه و ئه‌وه‌ی که‌ له‌م ڕۆژانه‌دا ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا باسی له‌وه‌ کرد که‌ ده‌مانهه‌وێت ناوچه‌یێکی ئارام له‌سه‌ر سنووره‌کان و له‌ ناو خاکی هه‌رێمی کوردستان بۆ دژایه‌تیی په‌که‌که‌ دروست بکه‌ین. داهاتووی ئه‌م شه‌ڕ و ململانێیه‌ و کاریگه‌رییه‌کانی له‌سه‌ر عێراق چۆن ده‌بینن؟

موسه‌ننا ئه‌مین: ئێمه‌ پێشبینیی ئاینده‌یێکی ترسناک و مه‌ترسیدار ده‌که‌ین. ڕۆژانه‌ هاووڵاتییان، مه‌ڕ و ماڵات و گونده‌کانی ئێمه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تی تورکیاوه‌ ده‌بنه‌ ئامانج و ئه‌مه‌ش زیانی زۆری به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی کوردستان گه‌یاندووه‌ جگه‌ له‌ بریندارکردنی سه‌دان که‌سی‌تر و ده‌یان و سه‌دان گوندی چۆڵ کردووه‌ و کردوویه‌تی به‌ ناوچه‌یێکی سه‌ربازی. له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ په‌که‌که‌ش ژماره‌یێکی زۆر له‌ گوند و ناوچه‌ سنوورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیان کۆنتڕۆڵ کردووه‌ و له‌ ده‌ستڕه‌سی خۆیان دایانناوه‌ و حه‌تا سنوورداریێکی زۆریشیان دروست کردووه‌ بۆ هاتوچۆی خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌و ناوچانه‌ و به‌ ڕاستی بارگرانییێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌و ناوچانه‌ دروست کردووه‌. له‌ ڕاستیدا کاره‌کانی هه‌ردوو لا جێگای پرسیارن و پێویسته‌ کۆتایی پێبێت.

جه‌نگی نێوان تورکیا و په‌که‌که‌ هه‌زاران هاووڵاتیی کوردی کردۆته‌ ئامانج و ڕه‌هه‌ندێکی مه‌ترسیداری به‌خۆ گرتووه‌ و ده‌بێ کۆتایی پێبێت. ده‌بێ جارێکی‌تر پڕۆسه‌ی ئاشتی و دیموکراسی له‌ تورکیا ده‌ست پێبکاته‌وه‌ و تفه‌نگه‌کان بێده‌نگ بکه‌ن و به‌دواداچوونی مافی کوردی تورکیا له‌ ڕێگای سیاسی و دیموکراسی و خه‌باتی ئاشتییانه‌وه‌ بێت چوونکه‌ به‌ ڕاستی به‌رده‌وام‌بوونی ئه‌م خه‌باته‌ چه‌کدارییه‌ له‌م ناوچه‌یه‌ کێشه‌ و بارگرانییێکی جیدی و مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ئاینده‌ی ناوچه‌که‌ دروست ده‌کات. هیچ وه‌ختێک گومانی تێدا نییه‌ که خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی په‌که‌که‌ ناتوانێت شکست به‌ حکوومه‌تی تورکیا بێنێت و ئه‌مه‌ ده‌یان ساڵ ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی. ئێستا سه‌رده‌می خه‌باتی چه‌کدارانه‌ نه‌ماوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بارگرانیی زۆری دروست کردووه‌ له‌سه‌ر هه‌رێم و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان و به‌رده‌وام خوێن ده‌ڕژێت و ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یێکه‌ که‌ ده‌بێ له‌به‌رچاو بگیردرێت.

کوردپرێس: ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌م نێوانه‌دا په‌رله‌مانتارانی کورد بۆ کۆتایی‌هێنان به‌ پێکدادان و ململانێی نێوان سوپای تورکیا و په‌که‌که‌ له‌ ناو خاکی عێراق چ کارگه‌لێکتان ئه‌نجام داوه‌؟

موسه‌ننا ئه‌مین: وه‌کوو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵمان داوه‌ که‌ حکوومه‌تی عێراق ڕۆڵێک ببێنێت وه‌ک میانجی بۆ هێورکردنه‌وه‌ و کۆتایی‌هێنان به‌ شه‌ڕی چه‌کدارانه‌ی نێوان حکوومه‌تی تورکیا و په‌که‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوو لایه‌ن دانووستانی ئاشتی ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌ و هه‌میشه‌ سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌مان کردووه‌ که‌ حکوومه‌تی تورکیا کردووه‌ و به‌رده‌وام سه‌روه‌ریی خاکی عێراقی شکاندووه‌ و داوامان له‌ حکوومه‌ت و وه‌زاره‌تی به‌رگری و ده‌ره‌وه‌ی عێراق کردووه‌ که‌ هه‌ڵوێستێکی جیدییان هه‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و سنوورشکاندنی تورکیا و ڕێگایێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی هه‌رێم بدۆزنه‌وه‌ و خوێن‌ڕشتن و شه‌ڕ و ململانێی نێوان په‌که‌که‌ و تورکیا کۆتایی پێبێت.

دیمانه‌: حه‌سه‌ن ساڵحی

داگرتن و داڕشتنه‌وه‌: به‌شی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65476

Your Comment

You are replying to: .
captcha