کۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ به‌یاننامه‌ی کۆتاییی خۆی بڵاو کرده‌وه‌

به‌شی سووریا- پاش كۆتاییهاتنی خولی 13ی كۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی هه‌ریه‌ک له وڵاتانی‌ ڕووسیا و توركیا و ئێران به‌یاننا‌مه‌یێكی هاوبه‌ش بڵاو كرایه‌وه‌ و باس له‌ دۆخی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا کرا که‌ تێیدا هاتووه:‌ ته‌نیا به‌ ڕێزگرتن له‌ یه‌كپارچه‌ییی خاک و سه‌روه‌ریی سووریا ده‌توانرێت سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ بپارێزرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، 13هه‌مین خولی كۆبوونه‌وه‌ی وڵاتانی گه‌ره‌نتیکاری توركیا، ڕووسیا و ئێران له‌ شاری نورسووڵتانی پایته‌ختی كازاخستان به‌ڕێوه ‌چوو و لایه‌نه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی و سێ قۆڵیان ئه‌نجام دا بۆ گه‌یشتنه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دواپێشهاته‌کانی ئه‌مدواییه‌ی سووریا و له‌ ئه‌نجامدا به‌یاننامه‌ی كۆتاییان بڵاو کرده‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ یه‌كپارچه‌ییی خاكی سووریا و په‌یوه‌ست بوونی هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌ سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌ كراوه‌، هاوكات جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌ له‌ به‌ره‌نگاریی دژی داعش، به‌ره‌ی نوسره‌ و ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌ لیستی تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندان.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: سێ وڵاتی ئێران- تورکیا- ڕووسیا ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاسانکاری و هه‌وڵی پێویست بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی سووری و ئه‌و مرۆڤانه‌ بدرێت که‌ به‌ بۆنه‌ی شه‌ڕ و پێکدادانه‌وه‌ ماڵ و سامانی خۆیان جێهێشتووه‌ و ئاواره‌ بوونه‌.

هاوكات داوای ڕه‌وانه‌كردنی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان و ڕێگه‌دان به‌ گه‌یشتنیان به‌ لێقه‌وماوان به‌ بێ مه‌رج به‌شێكی‌تری به‌یاننامه‌ی كۆتاییی کۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ بوو.

به‌یاننامه‌ی خولی 13ی کۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ باسی له‌ دۆخی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا کرد و تێیدا هاتووه‌: ته‌نیا به‌ ڕێزگرتن له‌ یه‌كپارچه‌ییی خاک و سه‌روه‌ریی سووریا ده‌توانرێت سه‌قامگیری و ئاسایشی ناوچه‌كه‌ بپارێزرێت. هاوكات وڵاتانی دراوسێ دژ به‌و ڕۆژه‌ڤه‌ جوداخوازانه‌ی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتانیان ده‌كاته‌ ئامانج هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش ده‌نوێنن.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌وه‌ش کرا که‌ ناکرێت چاره‌سه‌ری سه‌ربازیی بۆ ناكۆكییه‌كانی سووریا بدۆزرێته‌وه‌ و جیا له‌وه‌ پابه‌ندیی هه‌موو لایێک به‌ پڕۆسه‌ی ڕاگوزه‌ری سیاسی له ‌ژێر چاودێری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دووپات كرایه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا باس له‌ دۆخی ئیدلب کرا و ڕاگه‌یێندرا: دۆخی ناوچه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ئیدلب به‌ وردی باسی لێوه‌ كرا و لایه‌نه‌كان جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی 17ی ئه‌یلولی 2018 و ته‌واوی ڕێككه‌وتنه‌كانی‌تر بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچه‌كه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌که‌دا وڵاتانی ئێران- تورکیا- ڕووسیا باسیان له‌وه‌ کرد که‌ چه‌ندین دیداری جۆراوجۆریان له‌گه‌ڵ گیر پدرسۆن نوێنه‌ری تایبه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ کاروباری سووریا ئه‌نجام داوه‌ و ته‌ئکیدیان کرده‌وه‌: وڵاتانی گه‌ره‌نتیکاری کۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌ هه‌ڵێنانی هه‌نگاوه‌کان بۆ پێکهێنانی لیژنه‌ی داڕشتنی ده‌ستووری نوێی سووریایان به‌ گونجاو وه‌سف کردووه‌ و پێشوازی له‌و بابه‌ته‌ ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ ئاماده‌یی خۆمان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر کارێک به‌ مه‌به‌ستی پێکهێنانی زووبه‌زووی لیژنه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا ڕاده‌گه‌یێنین و بۆ ئاسانکارییه‌کان له‌م پڕۆسه‌یه‌ هه‌ر کارێک پێویست بێت ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.

له‌ به‌یاننامه‌ی كۆتاییی كۆنگره‌ی ئه‌ستانه‌دا هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانی توركیا، ڕووسیا و ئێران ڕایان‌گه‌یاند: "ڕێگه‌ به‌ هیچ واقیعێكی تازه‌ دروستكراو له‌ باكووری سووریا و خواستی جیابوونه‌وه‌ له‌ خاكی سووریا نادرێت."

شایانی باسه‌؛ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵی گرنگی لوبنان و عێراق كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا وه‌ک وڵاتانی چاودێر، هاوكات بڕیار درا كه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتووی وڵاتانی گه‌ره‌نتیكار له‌ تشرینی یه‌كه‌مدا له شاری‌ نوورسووڵتانی پایته‌ختی کازاخاستان ئه‌نجام بدرێت.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65467

Your Comment

You are replying to: .
captcha