کوردپرێس:
فەرید ئەسەسەرد له وتارێكدا رایگەیاند "عەبدولمەهدی لە دۆخێكی نالەباردایە و زۆر ئەستەمە بتوانێ بەرگەی فشارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بگرێ. هیچ سەرۆك وەزیرانێك بەقەد عەبدولمەهدی دۆستی كورد نەبووە و كەسیش بەقەد ئەو لەگەڵ كورد پشوو درێژ نەبووە. بەڵام ئەو و هەر سەرۆك وەزیرانێكی تر ناچارە پابەند بێ بە یاسای بودجەی 2019 كە بەكارهێنانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی وەك كارتێكی فشار لە دەست بەغدا دەرهێناوە".
ئاماژەى بەوەش کردووە، رزگاربوونی كورد لە هەڕەشەی بڕینی مووچە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی گەورەیە و كارێكی جوامێرانەیە كە ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لێداوە و رەنگدانەوەی هەستكردنە بە لێپرسراوەتی. بەڵام هەولێر تا ئێستا هیچ لێپرسراوەتییەكی سەر شانی خۆی بەرامبەر بە یاسای بودجە جێبەجێ نەكردووە.
ئەسەسەرد رونیکردوەتەوە رادەستنەکردنى نەوت لەلایەن هەولێرەوە تەنگی بە پێگەی عەبدولمەهدی هەڵچنیوە، بە رادەیەك كە ناچار بوو لە دوایین لێدوانیدا دان بەوەدا بنێ كە هەولێر یەك بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ نەكردووە.
ناوبراو لە وتارێکدا نووسیویشیەتى "لە ناو عەرەب كەس لە عەبدولمەهدی بۆ كورد دڵسۆزتر نییە. بۆیە دەست لەكار كێشانەوەی یان متمانە لێسەندنەوەی، گورزێكی كاریگەر دەبێ لە كورد. بە دڵنیاییشەوە، ئەوەی كە جێگای دەگرێتەوە، چارەكی ئەو بەرامبەر بە كورد پشوو درێژ نابێ. هێشتنەوەی عەبدولمەهدی لەو پۆستە، بۆ كورد مەسەلەیەكی ژیانییە و دەبێ بە هەند وەربگیرێ".
لە کۆتاییشدا فەرید ئەسەسەرد باسى لەوە کردوە، هەولێر ناتوانێ تا كۆتایی لەسەر سیاسەتە نەوتییەكەی بەردەوام بێ. عەبدولمەهدیش ناتوانێ تا كۆتایی بەرگەی فشارەكان بگرێ. بۆ ئەوەی هەردووكیان خۆیان لە كۆتاییەكی شۆكهێنەر رزگار بكەن، دەبێ لەسەر شتێكی گونجاو رێكبكەون.
لەلایەکى ترەوە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارە شیعەکان سەرقاڵى واژۆ کۆکردنەوەن بۆ سەندنەوەى متمانە لەسەرۆک وەزیرانى عێراق ئەوەش بەهۆى رەوانەکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەکاتێکدا هەرێم ئەو بڕە نەوتەى رادەست نەکردووە کە بەپێى بودجەى ٢٠١٩ دەبوو رادەستى بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment