ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی: ویلایه‌تی حه‌مرینی داعش ده‌ستی به‌ جووڵه‌ و مه‌شقی سه‌ربازی كردووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی ئه‌و حیزبه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات که‌ له‌ ناوچه‌كانی هێڵی گه‌رم داعش چالاكیی هه‌یه‌ و ده‌ستی به‌ جووڵه‌ كردووه‌ و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که‌ جووڵه‌ی داعش به‌ هه‌ند وه‌ربگرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌کره‌م ساڵح ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تیی پارتی و به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی ئه‌و حیزبه‌ بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوت: ماوه‌یێكه‌ داعش له‌ ناوچه‌كانی هێڵی گه‌رم ده‌ستی به‌ جووڵه‌ كردووه‌ و له‌ سنووری قه‌ره‌ته‌په‌ و دووزخورماتوو حاڵه‌تی كوشتن و ڕفاندن به‌هۆی داعشه‌وه‌ زۆر بووه‌. ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌ڵمه‌تێكی پشكنین و گه‌ڕان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه‌ دروست بكات و ئۆپه‌راسیۆنێک ئه‌نجام بدات كه‌ له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ بۆ دیاله‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌.

ئه‌كره‌م ساڵح زیادی کرد: "داعش به‌دوای ده‌رفه‌تی ئه‌منیدا ده‌گه‌ڕێ و له‌ شوێنێک بۆشاییی ئه‌منی هه‌بێت ده‌یكه‌نه‌ ئامانج و له‌ چیای حه‌مرین داعش باره‌گا و بنكه‌ی مه‌شقكردنی هه‌یه و‌ ویلایه‌تی حه‌مرینی داعش سه‌رپه‌رشتیی چه‌كدارانی داعش ده‌كات و تاكه‌ ویلایه‌تی به‌هێزه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و پلانی چه‌كداره‌كانی داده‌نێت و له‌وێشه‌وه‌ بڕیاره‌كانی ده‌رده‌چێت و جموجووڵیان زۆره‌ له‌ حه‌مرین."

ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: "سنووری چالاكیی داعش فراوانه،‌ له‌ باشووری خانه‌قین ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته‌ جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌په‌ و دووزخورماتوو و حه‌ویجه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ناوچه‌یێكی به‌ربڵاوه‌ و سوودیان له‌و بۆشایییه‌ ئه‌منییه‌ وه‌رگرتووه‌ كه‌ له ‌ناوچه‌كه‌ دروست بووه‌."

ئه‌كره‌م ساڵح ده‌شڵێت: "داعش له‌ زۆر شوێن به‌ مونه‌زه‌می خۆیان ڕێک خستووه‌ته‌وه‌ و ‌به‌رده‌وام جموجووڵ و چالاكییان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ خورماتوو كوشتن و ڕفاندن بووه‌ته‌ ئامانجیان و جمومووڵیان زۆر بووه‌."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65444

Your Comment

You are replying to: .
captcha