نیازی تورکیا ناوچه‌ی ئارام نییه‌ به‌ڵکوو دووپات‌کردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی عه‌فرینه‌

به‌شی سووریا- ئه‌مجه‌د عوسمان وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ پێکهێنانی ناوچه‌ی ئارام له‌ باکووری سووریا کردووه‌ و گوتوویه‌تی: ئه‌وه‌ی تورکیا باسی قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تری ده‌کات بۆ ناوچه‌ی ئارام نییه‌ به‌ڵکوو بۆ دووپات‌کردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه‌یه‌ که‌ له‌ عه‌فرین ڕووی دا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مجه‌د عوسمان وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له‌ لێدوانێکدا گوتوویه‌تی: تورکیا باسی ناوچه‌ی ئارام دێنێته‌ئاراوه‌ و مه‌به‌ستی له‌و بابه‌ته‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ناوچه‌یێکی داماڵراو له‌ باکووری سووریا پێکبێت به‌ڵکوو نیازی تورکیا ئه‌وه‌یه‌ ڕووداوه‌کانی عه‌فرین دووپات بکاته‌وه‌. دیاره‌ باسی ئاسایشی سنووره‌کان ته‌نها بیانوویه‌ و هیچ شتێک له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕاست نییه‌ چوونکه‌ تا ئێستا هیچ هێرشێک نه‌کراوه‌ته‌ سه‌ر سنووره‌کانی سووریا.

ناوبراو گوتیشی: قبووڵ کراوه‌ به‌ قووڵاییی 5 کم له‌ باکووری سووریا ناوچه‌ی ئارام و داماڵراو له‌ چه‌ک پێکبهێنرێت به‌ڵام ئامانجی تورکیا که‌ باسی قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تری ده‌کات گه‌یشتن به‌ ناوچه‌ی ئارام نییه‌ به‌ڵکوو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و ئه‌و ڕووداوانه‌ دووپات بکاته‌وه‌ که‌ له‌ عه‌فرین ڕووی دا.

وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات زیادیشی کرد: تورکیا مه‌به‌ستیه‌تی کورد و هه‌موو خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ له‌ ناو به‌رێت. ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر باکوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا ئه‌وا سوپای سووریای دیموکراتیش بۆ پارێزگاری‌کردن له‌ سنووره‌کانی خۆی له‌ چه‌ند ناوچه‌یێکی هه‌ستۆک ده‌کشێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی دووباره‌ خۆیه‌کخستنه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان.

ئه‌مجه‌د عوسمان هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا به‌ جیدی ده‌زانێت و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان ڕانه‌په‌ڕێنن تورکیا پێچه‌وانه‌ی یاسا و په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی ده‌جووڵێت و ئه‌گه‌ر بێتوو هێرشێک بکرێت ئه‌وا به‌رخۆدانیش ده‌بێت. ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یێک حه‌ز به‌ شه‌ڕ و مه‌ترسی دروست کردن بۆ خه‌ڵکی خۆمان ناکه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ داوامان کردووه‌ چاره‌کردنی کێشه‌کانه‌ له‌ ڕێگای دانووستانه‌وه‌. له‌م پڕۆسه‌یه‌شدا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ وردی و به‌ وشیاری کار بکه‌ن و فریوی ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیا (میت) نه‌خۆن.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65437

Your Comment

You are replying to: .
captcha