به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مجه‌د عوسمان وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات له لێدوانێکدا گوتوویه‌تی: تورکیا باسی ناوچه‌ی ئارام دێنێته‌ئاراوه و مه‌به‌ستی له‌و بابه‌ته ئه‌وه نییه ناوچه‌یێکی داماڵراو له باکووری سووریا پێک‌بێت به‌ڵکوو نیازی تورکیا ئه‌وه‌یه ڕووداوه‌کانی عه‌فرین دووپات بکاته‌وه. دیاره باسی ئاسایشی سنووره‌کان ته‌نها بیانوویه و هیچ شتێک له‌وباره‌یه‌وه ڕاست نییه چوونکه تا ئێستا هیچ هێرشێک نه‌کراوه‌ته سه‌ر سنووره‌کانی سووریا.
ناوبراو گوتیشی: قبووڵ کراوه به قووڵاییی 5 کم له باکووری سووریا ناوچه‌ی ئارام و داماڵراو له چه‌ک پێکبهێنرێت به‌ڵام ئامانجی تورکیا که باسی قووڵاییی 32 کیلۆمه‌تری ده‌کات گه‌یشتن به ناوچه‌ی ئارام نییه به‌ڵکوو مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌که به‌ده‌سته‌وه بگرێت و ئه‌و ڕووداوانه دووپات بکاته‌وه که له عه‌فرین ڕووی دا.
وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموکرات زیادیشی کرد: تورکیا مه‌به‌ستیه‌تی کورد و هه‌موو خه‌ڵکی ناوچه‌که له ناو به‌رێت. ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته سه‌ر باکوور و خۆرهه‌ڵاتی سووریا ئه‌وا سوپای سووریای دیموکراتیش بۆ پارێزگاریکردن له سنووره‌کانی خۆی له چه‌ند ناوچه‌یێکی هه‌ستۆک ده‌کشێته‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆی دووباره خۆیهکخستنهوهی گرووپه تیرۆریستییه‌کان.
ئه‌مجه‌د عوسمان هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا به جیدی ده‌زانێت و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی ده‌ولی ئه‌رکی سه‌ر شانی خۆیان ڕانه‌په‌ڕێنن تورکیا پێچه‌وانه‌ی یاسا و په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی ده‌جووڵێت و ئه‌گه‌ر بێتوو هێرشێک بکرێت ئه‌وا به‌رخۆدانیش ده‌بێت. ئێمه به هیچ شێوه‌یێک حه‌ز به شه‌ڕ و مه‌ترسی دروست کردن بۆ خه‌ڵکی خۆمان ناکه‌ین. ئه‌وه‌ی ئێمه داوامان کردووه چاره‌کردنی کێشه‌کانه له ڕێگای دانووستانه‌وه. له‌م پڕۆسه‌یه‌شدا پێویسته هه‌موو لایه‌نه‌کان به وردی و به وشیاری کار بکه‌ن و فریوی ده‌زگای هه‌واڵگریی تورکیا (میت) نه‌خۆن.
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment