کوردپرێس:
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا بڵاوی کرده‌وه که ڕۆژی چوارشه‌ممه 31ی 7ی 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عێراق له به‌غدا پێشوازی کرد له ژماره‌یێک که‌سوکاری شه‌ھیدان و ئه‌نفالکراوان و به گه‌رمی به‌خێرھاتنی کردن بۆ کۆشکی سه‌لام.
له سه‌ره‌تای دیداره‌که‌دا به‌رھه‌م ساڵح وتی: من خۆم به که‌سوکار و به‌شێک له ئێوه ده‌زانم. له ئێش و ئازارتان تێده‌گه‌م و له نزیکه‌وه ئاگاداری ئێوه و ھه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆره به‌کۆمه‌ڵه‌کانی سه‌ماوه‌م و ھه‌موو ھه‌وڵ و تواناکانمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ تا ڕووفاتی پیرۆزی ئه‌نفالکراوان بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ئامێزی نیشتمان.
سه‌رۆککۆماری عێراق ئاماژه‌ی به‌وه کرد که تاوانی ئه‌نفال تاوانێکی یه‌کجار گه‌وره‌یه که ڕژێمی له‌ناوچوو به‌رامبه‌ر به منداڵ و ژن و ھاووڵاتییانی مه‌ده‌نی ئه‌نجامی داوه بۆیه ئه‌و تاوانه و ھه‌موو تاوانه‌کانی دیکه که ڕژێمی سه‌دام ئه‌نجامی داون وه‌ک شه‌رمه‌زارییێک به نێو چه‌وانی ئه‌نجامده‌رانییه‌وه ده‌مێنێنه‌وه له مێژوودا.
له درێژه‌ی وته‌کانیدا به‌رهه‌م ساڵح وتی: "ڕژێمی سه‌دامی تاوانبار قیزه‌ونترین شێوازی دوژمنکاری به‌رامبه‌ر به ھاووڵاتییانی بێ‌تاوان به‌کار ھێنا و به دڕندانه‌ترین شێواز شه‌ھیدی کردن و نزیکه‌ی 4500 گوندی کوردستانی خاپوور و وێران کرد".
له کۆتاییی دیداره‌که‌دا سه‌رۆککۆمار له نزیکه‌وه گوێی له گرفت و داوا و پێداویستییه‌کانی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان گرت و به‌ڵێنی دا به خستنه‌گه‌ڕی گشت ھه‌وڵه‌کان له‌پێناو دابین کردنی پێداویستییه‌کانیان.
سه‌رچاوه: شه‌فه‌ق نیووز
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment