ئایا کۆبانی تووشی هەمان چارەنووسی عەفرین دەبێت؟

بەشی جیهان- هەرچەند هەندێک کەس بڕوایان وایە تورکیا دەیهەوێت جیدی بوونی ئەمەریکا بۆ پاراستنی کوردەکانی سووریا تاقی بکاتەوە بەڵام لەسەر ئەم بڕوایەش نین کە تورکیا بیەوێت شارە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی فۆرات لەوان کۆبانێ داگیر بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڕشەکانی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی دووهەم دژ بە کوردەکانی سووریا زیاتر بووەتەوە و بەو چەشنە کە بەرپرسانی تورکیا ئاماژەیان پێداوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنقەرە دژ بە کوردی سووریا لە ئانوساتدایە. هۆکاری زیاتر بوونی هەڕەشەکانی تورکیا لە کوردەکان درێژەی پشتیوانیی سەربازیی ئەمەریکا لە هێزە کوردەکانە و ناڕەزایی تورکیا لە بەروپێش نەچوونی پڕۆژەی دامەزرامدنی ناوچەی ئارام لە بارکووی سووریایە.

بەرپرسانی باڵای تورکیا لەوان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار و هوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە هۆشدرایان داوە مومکینە بەمزووانە هێرشەکە دەست پێبکات. بەڵام هێرشی تورکیا بە بێ ڕەزامەندیی ئەمەریکا و نەچوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان -وەکوو هەمان کار کە ڕووسیا لە عەفرین ئەنجامی دا- مومکینە ببێتە هۆی پێکدادانی دوو ئەندامی ناتۆ. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئێستاش ناکۆکیی نێوان دوو وڵات بەهۆی درێژەی پشتگیرییەکانی ئەمەریکا لە هێزە کوردەکانی سووریا، ڕادەست نەکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و مامەڵە سەربازییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیای زیاتر کردۆتەوە.

ژمارەیێک لە کارناسان بەدووری دەزانن تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە دژ بە کوردی سووریا ڕێکبخات. دوکتۆر یەزید سایق لێکۆڵەری پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا لەوەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی کوردپرێسدا لەبارەی جیدی بوونی هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا وتی: «بڕوام وانییە کە تورکیا هێرش بکاتە سەر ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکان کە سەربازانی ئەمەریکی لەوێ جێگیرن».

ئایدین سلجان دیپلۆماتکاری پێشووی دەوڵەتی تورکیا لە واشنتن دەڵێت ناموکینە کە هێرشێک ئەنجام بدرێت چوونکە ئەم هێرشە ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتانی ئەمەریکا و تورکیای لێدەکەوێتەوە. ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت تورکیا خەریکی تاقی کردنەوەی ئەمەریکایە بە ئاوڕدانەوە لەوەی کە ئەمەریکا کاردانەوەیێکی توندی بۆ مامەڵەی سەربازییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا نیشان نەدا.

مستەفا بالی، لە فەرماندە باڵاکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بەشێکی گەورە لە هێزەکانیان کوردن، دەڵێت ئەمەریکا کە کونترۆڵ کردنی تووڕەیی تورکیا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە و بە دەنگی ئەمەریکای وتووە ئەمەریکا دەورێکی گرینگ دەبینیت لە چارە کردنی کێشەی نێوان کوردەکان و حکوومەتی تورکیا.

بەڵام هەندێک شرۆڤەکار وەکوو ماکس ئابرامز لێکۆڵەری بواری میلیشیاکانی ڕۆزهەڵاتی ناوەڕاست بڕوای وایە ناکۆکیی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لەسەر هێزە کوردەکان زۆر قووڵە کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی سیاسەتە جیاوازەکانی هەردوو حکوومەتەکەیە. ناوبراو لە دوا دیمانەی خۆیدا بە کوردپرێسی وت: ئەمەریکا هەوڵ ئەدات تورکیا ڕازی بکات کە بۆ بەرەو پێش چوونی سیاسەتەکانی واشنتن لە سووریا یارمەتیی ئەو وڵاتە بدات بەڵام تورکیا پێچەوانەی هەوڵەکانی ئەمەریکا دەچێتە پێش. ناوبراو دەڵێت چاوەڕاونی ئەوەش دەکرێت کە تورکیا دژ بە هێزە کوردەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەڕێوە ببات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65422

Your Comment

You are replying to: .
captcha