هه‌ڕه‌شه‌ی تورکیا دژی کوردستانی سووریا شه‌ڕی پڕۆپاگه‌نده‌یه‌/ تیرۆریستان له‌ عه‌فرین فیدیه‌ له‌ خه‌ڵک ده‌سێنن

به‌شی سووریا- هه‌واڵنێرێکی عه‌ره‌بی سووریا پێی وایه‌: تورکیا جارێکی‌تر هێرش ناکاته‌ سه‌ر باکووری سووریا و هه‌نگاوه‌کانی ئه‌مڕۆی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌کان ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی ده‌روونی و میدیاییه‌.

لۆرنس سوله‌یمان ئه‌لشه‌عیر هه‌واڵنێری عه‌ره‌بی دانیشتووی باکووری سووریا له‌باره‌ی هێرشه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر باکووری سووریا به‌ کوردپرێسی وت: دۆخی باکووری سووریا جێگیره‌ و ئێستاکه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یێک بۆ سه‌ر کوردستانی سووریا له‌ئارادا نییه‌. ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی که‌ پێشتر له‌سه‌ر مه‌نبه‌ج و دێرک بوون له‌ ئێستادا که‌م بوونه‌ و ئه‌م جاره‌ش وه‌ک که‌ڕه‌ته‌کانی پێشوو نییه‌ که‌ تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ست‌پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ده‌کرد.

ناوبراو وتیشی: زۆربه‌ی خه‌ڵک ترسابوون و نیگه‌رانییان له‌سه‌ر دۆخه‌که‌ بوو به‌ڵام ئێستا وه‌ک پێشوو نییه‌ چوونکه‌ گه‌ل ده‌زانن ده‌وڵه‌تی تورکیا شه‌ڕی میدیایی ده‌ست پێکردووه‌ و بابه‌تی هێرش بۆ سه‌ر باکووری سووریا ته‌نها پڕۆپاگه‌نده‌یه‌.

هه‌واڵنێره‌که‌ی سووریا ئاماژه‌ی به‌ بابه‌تی وه‌رگرتنی یه‌که‌مین کاروانی سیسته‌می مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: تورکیا به‌ دوای ئه‌وه‌ی که‌ سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی وه‌رگرت هه‌ندێک داپه‌ڕی ده‌روونی ئه‌نجام دا و له‌ ڕێگای له‌شکه‌رکێشییه‌کانی بۆ باکووری سووریا ده‌یهه‌وێت خۆی بنوێنێت.

لۆرنس سوله‌یمان جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ ڕاستیدا سوپای تورکیا مانۆڕێکی پڕۆپاگه‌نده‌یی ده‌ست پێکردووه‌ که‌ ئامانجه‌که‌ی لاوازکردنی وره‌ی خه‌ڵکی باکووری سووریایه‌.

هه‌واڵنێره‌ عه‌ره‌به‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ هیچ یه‌ک له‌ هاووڵاتییانی سووریا حه‌ز به‌ داگیرکارییه‌کانی تورکیا ناکه‌ن و گوتیشی: سوپای تورکیا ده‌چێته‌ هه‌ر ناوچه‌یێک زوڵم و زۆربێژی ئه‌نجام ده‌دات. قه‌تڵوعام ده‌که‌ن و سامان و سروه‌تی خه‌ڵک به‌تاڵان ده‌به‌ن و هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌مان ڕه‌فتار ده‌که‌ن که‌ داعش ده‌یکات.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستای عه‌فرین ڕوونی کرده‌وه‌: ئه‌مڕۆکه‌ تیرۆریستان له‌ عه‌فرین له‌ به‌رچاوی تورکیاوه‌ قه‌تلوعام و تاڵان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و ته‌نانه‌ت فیدیه‌ له‌ هاووڵاتییانی عه‌فرین وه‌رده‌گرن و که‌سێک پاش 8 ساعه‌ت ناتوانێت له‌ ماڵ بێته‌ ده‌ره‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65416

Your Comment

You are replying to: .
captcha