بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حکوومەتی تورکیا لە ساڵی 2016وە تا ئێستا دوو جار ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە باکووری سووریا ئەنجام داوە و لە ئۆپەراسیۆنە دووهەمەکەیدا دەستی بەسەر کانتۆنی کوردنشینی عەفریندا گرت.
ئێستاش حکوومەتی تورکیا کەرەستە و هێزی جەنگیی لە سنوورەکانی سووریا جێگیر کردووە و هەڕەشەی هێرشێکی دیکە بۆ سەر کوردەکانی سووریا دەکات.
گۆڤارەکانی نزیک لە پاتی کرێکارانی بەریتانیا ڕایدەگەیێنن بۆریس جۆنسۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا لەکاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بە بیانووی نیگەرانییەکانی تورکیا پشتگیری لەو هێرشە کردبوو، ئێستاش کە جۆنسۆن بووەتە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا هەمبەر ئەم هێرشە بێدەنگی ڕادەگرێت.
گۆڤاری کاناری زمانحاڵی پارتی کرێکاران ئاماژە دەدات بە پرسی کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا و دەڵێت بۆریس جۆنسۆن خۆی بەم پرسەوە سەرقاڵ دەکات و ئاوڕ لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆسەر کوردی سووریا ناداتەوە.
ئەم گۆڤارە هۆشدار دەدات و دەڵێت تەنانەت ئەگەر تورکیا بەگوێرەی پێشنیاری ئەمەریکا ناوچەی ئارام دابمەزرێنێت کە قووڵاییەکەی 6 کیلۆمەترە هەندێک شار وەکوو کۆبانێ، قامیشلی، دیرک، و سری کانی دەکەونە ژێر کونترۆڵی تورکیا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment