کوردپرێس:
دوکتۆر کامه‌ران مه‌نتک یادداشتێکی نووسیوه و له یادداشته‌که‌یدا نیسبه‌ت به سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان پارتی و په‌که‌که و لێکه‌وته‌کانی شه‌ڕیکی وا هۆشداری داوه.
ناوبراو له یادداشته‌که‌یدا باسی له‌وه کردووه: شه‌ڕێکی ناته‌ندروست و ترسناکی میدیایی له نێوان دوو باڵی گه‌وره‌ی کورد (PKK) و (PDK) له‌و قۆناغه ده‌ست یپێکردووه، ته‌نانه‌ت له ھه‌ندێک شوێن له ژێر فشاری تورکیا(PDK) له‌و شه‌ڕه تێوه‌گلاوه به‌ڵام ئه‌وه‌ی ھێڵێکی ھێشتۆته‌وه بۆ گه‌یشتن به ئاشتی ئه‌وه‌یه تاوه‌کوو ئێستا شه‌ڕه‌که به شێوه‌یێکی ڕاسته‌وخۆ ڕووی نه‌داوه. تا ئێستا پانتاییه‌ک ھه‌یه بۆ دانوستان و گفتوگۆکردن و ڕێگه‌نه‌دان به دایسانی شه‌ڕ، ده‌بێت ھه‌وڵ بدرێت کێشه‌کان نه‌گه‌یه‌نرێته ئاستی شه‌ڕ، چونکه ئه‌وان ده‌توانن شه‌ڕ ده‌ست پێبکه‌ن به‌ڵام ھه‌رگیز ناتوانن بیوه‌ستێنن.
مامۆستای زانستی سیاسیی زانکۆی سه‌ڵاحه‌ددین له درێژه‌ی یادداشته‌که‌یدا ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی جێگای داخه میدیاکان و ته‌نانه‌ت میدیاکانی سێبه‌ری ئه‌و دوو حزبه و حزبه‌کانی‌تریش له ھه‌ستیاری و مه‌ترسیداری دۆخه‌که تیناگه‌ن و ناتوانن له به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و قۆناغه تێبگه‌ن، ده‌ھۆڵ لێدان بۆ شه‌ڕی ناو‌خۆ ھه‌رگیز له به‌رژه‌وه‌ندی کورد نییه، جگه له چه‌ند بازرگانێکی شه‌ڕ سوودمه‌ندی یه‌که‌م تورکیا و داگیرکه‌رانی کوردستان ده‌بێت. ھه‌ر که‌سێکیش ئه‌و ده‌ھۆڵه ده‌کوتێت با خۆی یا کوڕی یا براکانی و خێزانه‌که‌ی ڕاسته‌وخۆ بنێرێته شه‌ڕ، نه‌ک خۆی له‌سه‌ر خوانی ڕازاوه و پاره‌ی دزیاری دانیشتبێت و شوێن و خانووی له ده‌ره‌وه کڕێبێت و که‌سه نزیکه‌کانی خۆی له ده‌ره‌وه بێت، داوا له منداڵی ھه‌ژاری کورد بکات له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌ودا خۆیان به کوشت بده‌ن. ئه‌وه‌ی حه‌زی له شه‌ڕه با خۆی بچێته به‌ره‌ی شه‌ڕ نه‌ک ھانی خه‌ڵکی تر بدات!.
له درێژه‌ی یادداشته‌که‌دا هه‌مبه‌ر چاره‌نووسی کورد له ناوچه‌که و ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی نێوان پارتی و په‌که‌که هۆشداری دراوه و هاتووه: پێویسته خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وه به باشی بزانێت که ئه‌و شه‌ڕه ئه‌گه‌ر ڕوو بدات، دوا شه‌ڕی ناو‌خۆ ده‌بێت و ھاوسه‌نگییه نێوده‌وڵه‌تییه‌که به شێوه‌یێک گۆڕاوه که کورد تیایدا به سفر ده‌رده‌چێت.
کامه‌ران مه‌نتک له یادداشته‌که‌یدا ئاماژه به سیاسه‌ت و پلانه‌کانی تورکیا بۆ ناوچه‌که ده‌کات به‌تایبه‌ت هاوپه‌یوه‌ند به کورد و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: تورکیا له کاتێکدا خۆی بۆ په‌لاماری سووریا ئاماده ده‌کات و به ده‌یان ھه‌زار سه‌رباز و چه‌کداره توندڕه‌وه‌کانی به ناوی ئۆپۆزسیۆنی سووریاوه له‌سه‌ر سنووره‌کانی سووریا کۆ کردووه‌ته‌وه، ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنی ھێرش له هه‌رێمی کوردستانیش شه‌ڕی ناو‌خۆ دروست بکات که ئه‌مه له‌لایێک له ڕوویی واتاییه‌وه زیانی زۆری بۆ سووریا بۆ ھه‌موو کورد ده‌بێت، له لایێکی‌تر به ئاسانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ده‌نه‌وه ده‌ست حکوومه‌تی عێراق و ھیچ شتیک نامێنێت به ناوی مه‌سه‌له‌ی کورد له هه‌رێم.
ناوبراو زیادی کرد: ڕه‌نگ بێت زۆر که‌س بۆ ئه‌و خوێندنه‌وه تێبینی ئه‌وه بکه‌ن که ڕۆڵی ئه‌مریکا پشتگوێ خراوه! له ڕاستیدا ئه‌گه‌ر تورکیا به کارێکی وا ھه‌ڵسێت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به ڕۆڵی ئه‌مریکا له دوو ئه‌گه‌ر زیاتر به‌خۆوه ناگرێت یاخود له‌پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تورکیا بۆ باوه‌شی سووریا ئه‌مریکا مه‌سه‌له‌ی کورد ده‌کاته قوربانی و باجی ئاسایی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ تورکیا به کورد ده‌دات، ئه‌مه‌ش واتای جێبه‌جێ کردنی نه‌خشه‌ڕێگای مه‌نبه‌جه که له مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه له‌گه‌ڵ تورکیا له‌سه‌ری ڕێککه‌وتووه یاخود تورکیا ئالنگاری ئه‌مریکا ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێران ده‌یکات و مه‌سه‌له‌ی ماوه‌ی ھه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکی ئه‌مریکا وه‌ک ده‌رفه‌تیک ده‌قۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات!.
له درێژه‌ی یادداشته‌که‌دا هاتووه: له ھه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا ئێستا ئه‌مریکا وه‌ک گورگێکی بریندار دێته به‌رچاو، له ھه‌موو لایه‌که‌وه په‌لاماری ده‌درێت بۆ ئه‌وه‌ی ڕایبکێشنه ناو ڤێتنامێکی‌تره‌وه!. تا ئێستا ئه‌مریکا دانی به‌خۆیدا گرتووه، ئه‌و دان به‌خۆداگرتنه‌ش ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تی گه‌ڕانه‌وه دواوه و لاته‌ریک کردنی ئه‌مریکایه که (دۆناڵد ترامپ) په‌یڕه‌وی ده‌کات و ئه‌مریکا له ئه‌رکه جیھانییه‌کانی دوور ده‌خاته‌وه به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌مریکا ئاماده‌یه له‌پێناو کورد سه‌ره‌ڕۆیی بکات و خۆی بخاته جه‌نگێکی جیھانییه‌وه!؟. له ھه‌موو دۆخیکدا نابێت گره‌و له‌سه‌ر ئه‌مریکا بکرێت بۆیه کورد نابێت له‌و دۆخه ھه‌ستیاره‌دا به‌و ئاڕاسته‌یه کار بکات و پێویسته تاکی کورد و حزبه‌کانی کوردی له‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه تێبگه‌ن!.
کامه‌ران مه‌نتک له یادداشته‌که‌یدا باس له‌وه ده‌کات که ڕاستیێک ھه‌یه پێویسته ئاماژه‌ی بۆ بکه‌ین، پارتی ئێستا که‌وتووه‌ته ژێر ڕه‌حمه‌تی تورکیا و ده‌ستی له خنخنۆکه نراوه، ئاماده‌یه ھه‌موو کارێک بکات له‌پێناو مانه‌وه بۆیه پێویسته ده‌روازه‌ی ڕزگاربوون لای تورکه‌کان نه‌دۆزێته‌وه به‌ڵکوو پێویسته کورد خۆی ئه‌و ده‌رگایه‌ی بۆ بکاته‌وه و ده‌ست به دانوستاندن بکرێت، ئه‌گه‌رچی ده‌رفه‌ته‌که زۆر که‌م ماوه و ڕۆژ به ڕۆژیش بچووکتر ده‌بێته‌وه به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌رفه‌ته تا ئێستاش ماوه، له جیاتی تۆمه‌تبارکردنی په‌که‌که به تیرۆریست و لێدانه‌وه‌ی قه‌وانی تورکه‌کان پێویسته ھێزه‌کانی‌تری کوردی ڕۆڵی ناوه‌ندگیر بگێڕن. ئه‌گینا ھه‌ر شتیک ڕوو بدات به‌ر له یه‌کێتی و پارتی ئه‌وان ده‌که‌ونه به‌ر سزای گه‌ل.
ناوبراو له کۆتاییی یادداشته‌که‌یدا ڕای‌گه‌یاندووه: ئه‌گه‌ر ئه‌م شه‌ڕه ڕوو بدات وه‌ک شه‌ڕه‌کانی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نابێت، ئه‌م شه‌ڕه وه‌ک شه‌ڕه‌کانی ھه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ده‌بێت، چونکه سیسته‌می جیھانی تاک جه‌مسه‌ری نه‌ماوه و پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیکی کوردستان به شێوه‌یێک گۆڕاوه که له دۆخی قۆناغی شه‌ری سارد ده‌چێت و خه‌ریکه ده‌بێته‌وه ناوچه‌یێکی تامپۆنی بۆیه ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی دێن، ئه‌گه‌ر به‌و ئاڕاسته‌یه بڕوات ئه‌وا دۆخی کورد به شێوه‌یێک نابێت ئێره‌یی پێ ببردرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment