پشکنینى DNA بۆ ڕووفاتى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکەى سەماوە دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە رووفاتەکانى نێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەى کە لە پارێزگاى سەماوە دۆزراونەتەوە و گومان دەکرێت ڕووفاتى ئەنفالکراوەکان بن، ڕەوانەى پزیشکى دادوەرى بەغدا بکرێن بۆ پشکنین.

کوردپرێس: لە گفتووگۆیێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، جەبار عومەر بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان، کە ئێستا لەگەڵ تیمى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکانە لە پارێزگاى سەماوە، دەڵێت: "ژمارەى ڕووفاتى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە بە تەواوى نازانرێت، چوونکە ڕووفاتەکان بەسەر یەکەوەن".

بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان وتیشى: "زۆربەى قوربانیەکانى نێو گۆڕەکە، ژن و منداڵن، بەپێى جل و بەرگیان بێت گەرمیانین".

بەپێى وتەى جەبار عومەر، جیاکردنەوە و ژماردنى قوربانیانى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە ئاسان نییە، چوونکە منداڵى ساواى تێدایە، بەشێک لە قوربانیەکان لە کاتى گولـلەباران کردنیاندا، باوەشیان بەیەکدا کردووە.

ناوبراودرێژەی دا: "جیاکردنەوەى ڕووفاتى دایک و منداڵەکان لە یەکترى کەمێک قورسە، بۆیە بە بەردەوامى ژمارەى قوربانیەکانى نێو گۆڕەکە لەزیادبووندایە".

سەبارەت بە ژمارەى ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەى لە پارێزگاى سەماوە دۆزراونەتەوە، بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان وتى"4 گۆڕى بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام تائێستا یەک گۆڕ هەڵدراوەتەوە، بۆیە نازانین قوربانیانى نێو سێ گۆڕەکەى تر کێن و ژمارەیان چەندە".

بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان، ئاشکراشی کرد ڕۆژى شەممە، تیمێکى سەربە پزیشکى دادوەرىی عێراق لە بەغداوە دەچنە پارێزگاى سەماوە و ڕووفاتەکان بۆ پزیشکى دادوەرى بەغدا دەگوێزنەوە.

جەبار عومەر وتیشى: "ئێسک و پرووسکى قوربانیەکان لە پزیشکى دادوەریى بەغدا جیا دەکرێنەوە و دەژمێردرێن، پاشان پشکنینى DNA یان بۆ دەکرێت".

چاوەڕوان دەکرێت دواى ئەنجام دانى پشکنین بۆ ڕووفاتەکان و ساغ بوونەوەیان بەوەى قوربانی پرۆسەى ئەنفالن، ڕووفاتەکان بۆ ناوچەى گەرمیان بگوێزرێنەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65264

Your Comment

You are replying to: .
captcha